بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا کۆبووەوە.
دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری دۆڵمەباخچە بەڕێوەچوو. کە ئەردۆغان پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە بە مەراسیمێکی فەرمی پێشوازی لە ئەلشەرع کرد، پاشان کۆبوونەوەکە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کەسایەتییەکانی وەک هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی نیشتمانی، ئیبراهیم کالین، بەڕێوەبەری هەواڵگری و هالوک گورگون، بەڕێوەبەری پیشەسازییەکانی بەرگری، ئامادەی بوون. لە دیوی سوریاشەوە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی و چەند بەرپرسێکی دیکە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.