زلێنیسكی: شەوێكی سەخت بوو
شەوی رابردوو هیزەكانی روسیا هیرشیكی بەرفرەوانیان كردە سەر پایتەختی ئۆكراینا، ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ ئەم هێرشەی بە یەکێک لە بەرفراوانترین هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی تێکەڵاو لە کاتی شەڕدا وەسف کرد.
ڕووسیا لە ماوەی شەو رابردوو دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی کیێڤ کرد و زیانی بە چەند باڵاخانە گەیاند و 15 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، شەوی ڕابردوو “شەوێکی سەخت” بووە بۆ ئۆکرانیا. داوای کرد سزای نوێی نێودەوڵەتی بۆ فشارخستنە سەر مۆسکۆ جێبەجێ بكرێت تا ڕازی بێت بە ئاگربەست.
لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆ شەممە، شایەتحاڵەکان باسیان لە بینینی شەپۆلی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی کیێڤ کردووە، دواتر زنجیرەیەک تەقینەوە کە شارەکەی هەژاندووە.
تا بەرەبەیان، بەرپرسانی حکومی زیانیان بەر شەش قەزای پایتەختی ئۆکرانیا و بە گشتی 15 برینداریان ڕاگەیاند. سێ کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون، دوو لە بریندارەکانیش منداڵ بوون.
ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ ئەم هێرشەی بە یەکێک لە بەرفراوانترین هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی تێکەڵاو لە کاتی شەڕدا وەسف کرد.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هانی ڕوسیا و ئۆکرانیا دەدات بۆ دانوستان لەسەر ئاگربەست بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە. بەڵام ترەمپ دژی پلانی ئەوروپایە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕوسیادا.
بەگوێرەی ئاماری هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، ڕووسیا لە هێرشێکی شەوانەدا 14 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئامانجەکانی سەرتاسەری ئۆکرانیا کردووە و 250 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوور مەودای هەڵداوە و کیێڤ ئامانجی سەرەکییان بووە.

































































