وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پهیوهست به ئەو گرێبەستانەی لە واشنتن کراون دهڵێ، ئهو گرێبەستانە تەواو یاسایی و دەستوورین و لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستانه و دەبنە هۆی بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری و زیادبوونی هەلیکار و ڕاکێشانی غازی ماڵان و بووژانەوەی ئابووری.
شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی بۆ تایبهت ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، “ئەو گرێبەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکا واژۆی کردووە یاساییە، چونکە کاتی خۆی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکە کرابوو بۆ دەرھێنانی وزە، ئێستا ئەوەی کراوە تازەکردنەوەی گرێبەستەکەیە لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکە بە سەرمایەی ١٠٠ ملیار دۆلارە، بۆیه ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردوویەتی یاسایی و دەستوورییە و ھیچ پێچەوانەی دەستووری عێراق نییە، چونکە لە دەستووردا ھاتووە نەوت و غاز موڵکی ھەموو گەلانی عێراقە، حەیدەری گوتیشی، “دوو کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی لەخۆڕا نایەن گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوان دیراسەتیان کردووە و زانیویانە یاسایی و دەستوورین ئەوجا گرێبەستیان کردووە، ئهوهش لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستانە.”
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێریی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.
هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت.