مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستبەسەرداگرتنی 110 هەزار تۆن ماددەی كبریتی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە “مەفرەزەكانمان هەوڵێكی بەقاچاخبردنی 110 هەزار تۆن ماددەی كبریتی لەڕێگەی بەندەری ئومقەسری بەسرەوە پووچەڵكردنەوە،” دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق زانیاری ورد لە سەر دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددە كیمیایییە مەترسیدارە دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت “سەرەتا مەفرەزەكانمان دەستیان بە سەر كەشتییەك داگرت كە 10 هەزار تۆن كبریتی تێ دابووە و ئامادە كرابوو بۆ بەقاچاخبردنی، دواتریش 16 بارهەڵگری دیكەی كبریت كە بە ڕێگاوە بوون بەرەو بەندەری ئومقەسر ئەویش دەستیان بەسەرداگیرا و لە نێو كۆگاكانی ئەو كۆمپانیایەی تێوە گڵاوە 100 هەزار تۆنی دیكە دەستی بەسەرداگیرا و 15 تۆمەتباریش دەستگیركراون.”
ماددەی كبریت لە بواری پەینی كیمیایی و دروستكردنی باروتی تەقەمەنی بەكار دەهێنرێت .