سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەمەریکا وەک هاوبەشێکی گرنگ سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، ئێمەش هەمیشە شانازی بەو هاوبەشییە دەکەین.
هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فکۆس نیوزی ئەمەریکی ڕایگەیاند: ویستمان بگەڕێنەوە بۆ واشنتن بۆ ئەوەی پیزانینی خۆمان بۆ سەرۆک ترەمپ، بۆ هێزی سەربازیی ئەمەریکا، بۆ گەلی ئەمەریکا دەربڕین، بە تایبەت بۆ ئەو پاڵشتییە بەردەوامانە کە هەیانە بۆ ئێمە، هەروەها هاتووین تا جەخت لە پابەندبوونی خۆمان بکەیەنەوە بۆ ئەوەی کە هاوپەیمان و دۆستی ئەمەریکاین.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، ئێمە پێکەوە لەگەڵ ئەمەریکا شەڕی دژی تیرۆرمان کرد، لەگەل کۆمپانیاکانی وڵاتەکە دەتوانین زۆر شت پێکەوە بنیات بنێین، کە لە بەرژەوەندیی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەکەشمان بێت.
هاوکات لەبارەی نیگەرانییەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی ڕێککەوتنەکان، مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە دەستوورمان هەیە، بە ڕوونی تێیدا هاتووە کە مافی کوردستان چییە، کوردستان مافی هەیە گرێبەست واژۆ بکات، بە تایبەت لە پەرەپێدان و فراوانکردنی سێکتەری وزە، ئێمە لە ڕابردوو گرێبەستمان واژۆ کردووە، ئەم دوو کۆمپانیایەش تازە نین و 15 ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە.
لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، سەرۆک وەزیران، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئێمە هاوڕاین لەگەڵ سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، پێمان باشە دەرفەتێک بدرێتە سووریا، چونکە بە دۆخێکی ناهەموار تێپەڕیوە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواویی کۆنترۆڵی وڵات بکەن، هێشتا داعش لە وڵاتەکەدا هەیە و دەبێت چاودێریی بکرێن، هیوادارین بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەموو لایەک داعش لە وڵاتەکەدا بوونیان نەمێنێت.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەرنج و بۆچوونی خۆی لەبارەی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا، هیوادارین دانوستانەکان ڕێککەوتنی ئاشتی لێ بکەوێتەوە، ئێمە شەڕمان ناوێت، هەموو لایەک پاڵشتیی لە دنیابینی سەرۆک ترەمپ دەکەن، ئێمەش بە هەمان شێوە پاڵپشتی لێ دەکەین، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی و ئاسایش بێتە ئاراوە، هیوادارین هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، دەڵێت: ئەمەریکا ڕۆڵیکی زۆر گرنگی هەبووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمەکە، ئێمە نەماندەتوانی داعش بە ئاسانی لەناو ببەین ئەگەر هاوکاری ئەمەریکا نەبووایە.
گوتیشی: دەتوانم بڵێم لەو سەردانەم بۆ ئەمەریکا زۆر قسەی هاندەرمان لەو ئیدارەیەی سەرۆک ترەمپ بینی و زۆر سوپاسیان دەکەین، هیوادارین ئەمەریکا بەردەوام وەک هاوبەشێکی گرنگ سەیری هەرێمی کوردستان بکات، کە ئێستا وا سەیری هەرێمەکە دەکات. ئێمەش شانازی بەوە دەکەین کە ببینە هاوبەشی ئەمەریکا.
