نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا ئاماژه به‌وه ده‌كات، واژۆکردنی گرێبەستی گه‌وره لەگەڵ کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان بە بڕی زیاتر لە 100 ملیا دۆلار، سەرکەوتنێكی گه‌وره‌یه بۆ کوردستان و حکوومەتی هەرێم.
تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له واشنتن كه گوتی: مه‌سروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی زۆر سەرکەوتووی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکانی پیران و نوێنەرانی ئه‌مه‌ریكا كردووه.
تریفە عەزیز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، کۆبوونەوەکان زۆر بە باشیی بەڕێوە چوون. گوتیشی: “ئێمە گرنگی بە وەبەرهێنانی کەرتی وزە دەدەین لە هه‌رێمی كوردستان ئەوەش لە ڕێگەی واژۆکردنی گرێبەستی گه‌وره لەگەڵ کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان بە بڕی زیاتر لە 100 ملیا دۆلار، ئەمە سەرکەوتنێكی گه‌وره‌یه بۆ کوردستان و حکوومەتی هەرێم و بەهەمان شێوەش بۆ کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان.”
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا باسی له‌وه‌ش كردووه، ئه‌و گرێبه‌ستانه لەگەڵ ئامانج و هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوته‌ریبه و یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا سوپاسی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكاشی كرد بۆ پاڵپشتییەكانی. جه‌ختیشی كرده‌وه، سەردانی سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئەمه‌ریکا لە کاتێکی زۆر گرنگدایە تا لەگەڵ ئیدارەی نوێ و کۆنگرێس پەرە بە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا بدەن و جەختیان لێ بکەنەوە.