سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: زۆر دڵخۆشین کە بینیمان پشتیوانییەکی زۆر هەیە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستان و عێراق دەبێت.
هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و بەسوودم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەبوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆچوون، تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆمان لەسەر کۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە خستەڕوو.
جەختی لەوە کردەوە، زۆر دڵخۆشین کە بینیمان پشتیوانییەکی زۆر هەیە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستان و عێراق دەبێت.
مەسرور بارزانی، دەڵێت: بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکام کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەبارەی لێدوانەکانی بەرپرسانی بەغدا لەسەر گرێبەستەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: ئەو بۆچوون و لێدوانانەی بەرپرسانی بەغدا لەسەر پرۆسەکە دەیدەن، هیوادارم لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بیری لێ بکەنەوە.
گوتیشی: بەرپرسانی بەغدا تاوەکوو نەرمی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی کە ئێمە دەدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ڕوونی کردەوە، پێمان خۆشە لە زووترین کاتدا کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێکبێت.