حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دا لەسەر پێدانی پارچەیەک زەوی بە هەر خێزانێکی کورد کە گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە پەرلەمان پیرۆزبایی لە کوردانی کەرکووک کرد و ڕایگەیاند” پیرۆزتان بێت هەر خێزانێک پارچە زەوییەکی پێ دەدردرێت و دوابەدوای نووسراومان ژمارە ٦١ لە ٢٠٢٥/٤/١٤ و کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی مادەی ١٤٠ی حکومی لە بەرواری ٢٠ی ٤دا، ڕەزامەندیمان وەرگرت هەرخێزانێکی کوردی گەڕاوە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و ئەوانەی مادەی ١٤٠یان کردوە پارچەیەک زەوییان پێ بدرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم بڕیارە ئەو خێزانانەش دەگریتەوە کە مامەڵەکانیان تەواو کردووە، بەڵام قەرەبووی ١٠ ملیۆن دینارەکەیان وەرنەرگرتووە.
جەختیشیکردەوە کە ئەم بڕیارە سەرجەم ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگرێتەوە هەر لە شنگالەوە تا خانەقین.
شاخەوان عەبدوڵا ڕاشیگەیاند” نووسراو ئاڕاستەی پارێزگاکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە”.

































































