ترس و دڵەڕاوكێ لە كاتی تاقیكردنەوەكان
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی:
بەشێوەیەكی گشتی لە هەر قۆناغێكی تەمەندا بێت، ترس لە تاقیكردنەوەكان هەیە و تووشی دڵەڕاوكێت دەكات، بەڵام دەكرێت بە ڕێگایەكی دروست و گونجاو بەسەریدا زاڵبیت و دەروونت ئارام بكەیتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا قوتابییان بۆ زاری كرمانجی باس لەو ترس و سترێسە دەكەن كە لە كاتی تاقیكردنەوەكان توشی دەبن. مامۆستا و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی باس لەوە دەكەن كە چۆن ترس و دڵەڕاوكێ لە تاقیكردنەوەكان دەڕەوێنیتەوە.
ئومێد گەیلانی، ڕاهێنەری نێودەوڵەتی گەشەپێدانی مرۆیی، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: هەر كاتێك باس لە تاقیكردنەوە دەكرێت جۆرێك لە ترس و قەلەقی بەرۆكی قوتابییان دەگرێت، خاڵی ئەرێنی زۆر باش هەن بۆ ئەوەی منداڵەكانمان لە تاقیكردنەوەكاندا باشبن و بتوانن بە شێوەیەكی باشیش زانیاری وەربگرن بۆ ڕەواندنەوەی ترسی قوتابی لە تاقیكردنەوەكان و خوێندنێكی دروست، پێویستە ئەم ڕێنمایانە لە بیر نەكەن، وەكو خشتەی خوێندن پێویستە قوتابییان پێشوەختە كاتەكانی خوێندن دیاری بكەن و كات بۆ هەر بابەتێك دیاری بكەن بە پشت بەستن بە خاڵە بەهێز و لاوازەكانیان، تا دەتوانن پابەندبن بە خشتەی خوێندن و كۆكردنەوەی كەرەستەی خوێندن وەك كتێب و تێبینی، سەرچاوەی پێویست، هەروەها دەتوانێت بە دوای سەرچاوە و ڤیدیۆ، ئەپەكانی ئۆنلاین بگەرێت كە یارمەتی دەربن لە ڕوونكردنەوەی چەمكە سەختەكان.
گەیلانی، گوتیشی: دەبێت قوتابی ئەو بابەتانە دەستنیشان بكات كە بۆیان زەحمەت و سەختە و كاتێكی زیاتر بدەن بەو بابەتانە و دوودڵ نەبن لە داوای یارمەتی لە مامۆستایان یان هاوپۆلەكانی ئەگەر كێشەیەكی هەبوو، هەندێكجار خوێندن لەگەڵ هاورێكانی یارمەتیدەرە كە باشتر لە بابەتەكان تێبگات و دەتوانن تاقیكردنەوە بەیەكتری بكەن و دیدگەی جیاواز لەسەر ماددەكە هاوبەشی بكەن، پێویستە قوتابی بە باشی ئاگای لە تەندروستی خۆی بێت، بەپێی پێویست بخەوێت و خواردنی باش بخوات و لە كاتی خوێندندا پشوو بدات بۆ ئەوەی مێشكی بە ئارامی بهێلێتەوە، قوتابی دەبێت خۆی بە كەس بەراورد نەكات و ئەویش كەسێكی گرینگ و بەهێزە دەتوانێت ئامانجەكەی بەدەست بهێنێت.
سۆزان ئەمیر، قوتابی پۆلی ٩، دەڵێت: زۆر دەترسم لە كاتی تاقیكردنەوە، چونكە هەندێ جار دەزانم زانیاریم هەیە و باش خوێندوومە، بەڵام بەهۆی ئەو ترسەی هەمە زۆربەی بابەتەكان لە بیر دەكەم، نەك تەنیا خۆم وام بەڵكو زۆربەی هاوڕێكانم ئەو كێشەیان هەیە.
دیار حوسێن، قوتابی پۆلی 12ـەیە، بە زاری كرمانجی گوت: من لە خۆم پشت ڕاستم كە باشم خوێندووە، بەڵام شەوێك پێش تاقیكردنەوە خەوم لێ ناكەوێت، ترسم زۆرە، بەهۆی ئەوەش لە تاقیكردنەوەكە تێكدەچم، هەرچەندە هەوڵم داوە، بەڵام ناتوانم نمرەیەكی باش بەدەست بهێنم.
نەریمان، قوتابی پۆلی هەشتە، سەبارەت بە تاقیكردنەوەكان، ئاماژەی بەوەدا: لە كاتی تاقیكردنەوە ئەگەر مامۆستا گۆڕانكاری لە شێوازی پسیارەكان بكات، زۆر سترێس دەبم، چونكە ئێمە لەسەر شێوەیەكی دیاریكراو دەخوێنین، نەك تێگەیشتنێكی گشتی.
لای خۆیەوە سیروان شێخ حاجی، مامۆستا و چالاكوانی پەوەردەیی، دەڵێت: دڵەراوكێ و ترس لەپێش تاقیكردنەوەكان كاتێك قوتابی نزیك دەبێتەوە لە تاقیكردنەوە ترسێكی بۆ دروست دەبێت و توشی دڵەراوكێ و ترس دەبێت، بەم هۆیەش ناتوانێت نمرەیەكی باش لە تاقیكردنەوە بەدەست بهێنێت و زۆر جار قوتابی هەبووە زیرەك بووە، بەڵام كاتێك تاقیكردنەوە دەكات بەهۆی ئەو سترێسەی هەیەتی ناتوانێت دەرەجەیەكی باش بەدەست بهێنێت، ترس و دڵەراوكێ كاردانەوەیەكی سروشتییە بۆ زۆرێك لە قوتابییان لە ناوەندەكانی خوێندندا لە پێش تاقیكردنەوە و دڵەڕاوكێی تاقیكردنەوە ئەزموونی خراپە لەگەڵ تاقیكردنەوەكانی پێشووتر، نەبوونی ئامادەكاری گونجاو، یان نەزانینی تەكنیكەكانی تاقیكردنەوە یان شێوازەكانی خوێندن، بیركردنەوەیەكی بێ سوود و نەرێنیانە دەربارەی ئەم حالەتە لە هەردوو ئاستی قوتابیاندا هەیە، بەڵام لە ئاستی لاوازدا زۆرە ئێمە وەكو مامۆستا زۆر جار ئەم حالەتە دەبینین، بەڵام من وەكو خۆم زۆر جار پێش تاقیكردنەوەكان باسی تاقیكردنەوەكان بۆ قوتابییان دەكەم سەبارەت بە ترس و دڵەراوكێ بۆ ئەوەی ورەیان بەرزبكەمەوە كە بزانن چۆن بەشداری تاقیكردنەوە بكەن بۆیە پێویستە لە هەموو ناوەندەكانی خوێندن مامۆستایان هاوكاری قوتابییان بن بۆ نەمانی ئەم ترسە لە كاتی تاقیكردنەوە بەدڵێكی ئارام بەشداری تاقیكردنەوەكان بكەن.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: ئەو شتانەی دەبنە هۆی دڵەڕاوكێی تاقیكردنەوە بریتین لە كەم خەوتن و خواردنی ناتەندروست، كەمی وەرزش یان كەمی پشوودانی باش و ئامادەكاری نەكردنی تەواو بۆ كاتی تاقیكردنەوە، تەواونەكردنی بابەتەكان فشارێكی زۆر بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز، زۆر خوێندن لەسەریەك بێ پشوودان و نەبوونی زانیای تەواو لە تاقیكردنەوە.
مەحموود محەممەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی سۆران، بە زاری كرمانجی گوت: دڵەراوكێی تاقیكرنەوەكان، بریتییە لە هەڵچوونێكی دەروونی نا هاوسەنگ كە قوتابی وای لێ دێت ڕوانینی بۆ تاقیكردنەوەكە بگۆڕێت وەك دوژمنێكی بێزاركەر تەماشای بكات كە دەیەوێت كەسایەتی و دوا ڕۆژی بروخێنێت، ئەم شێوازە هەڵچوونەش بارێكی دەروونی لاوازی لێ دەكەوێتەوە وا دەكات قوتابی متمانەی بە خۆی نەمێنێت، ئەدای قوتابی لاواز بكات و هەندێك لە نیشانەكانی تووش بوو بەم دڵەراوكێیە ئەمانەن كە ئەمەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت لە سووك و قورس، كە كۆمەڵێك نیشانەی دەروونی جەستەی لێ دەكەوێتەوە وەك، ئارەقەكردنی زۆر، خێرابوونی دڵ لێدان، ئازاری گەدە و بیركردنەوەی نەگەتیڤانە، زوو تووڕەبوون و نەمانی متمانە بە خۆی.
ئەو سەرپەرشتیارە، گوتیشی: بۆ ڕووبەرووبوونەوە و چارەسەر و بۆ ڕزگاربوون لە فۆبیاو دڵەڕاوكێی تاقیكردنەوەكان دەبێت ڕەچاوی چەندین خاڵ بكەین، لە هەمووان گرنگتر ڕۆڵی خێزانە كە بتوانن لەكاتی تاقیكردنەوەكان ژینگەیەكی شیاوی ئارام بۆ خوێندن و سەعی كردن فەراهەم بكەن وەك، گرنگی دان بە قوتابی و بەهێزكردنی متمانە و هاندانی بەشێوەی پەروەردەیی، خێزان هیچ كێشە و گرفت ودەمەقالی نەكەن و دوور كەونەوە لە هەرشتێك ببێتە پەرتەوازەی مێشكی قوتابی وەك میوانداری و خواردنی هاوسەنگی تەندروست زۆر گرنگە، بەهیچ چەشنێك ئەندامانی خێزان منداڵی خۆیان بەراورد نەكەن لەگەڵ منداڵانی لە وان زیرەكتر، چونكە دەروونییان بەم وتانە دەروخێت.
مەحموود محەممەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا، چارەسەری ڕاستەقینە لە سەرەتای ساڵەوە دەست پێ دەكات بۆ نموونە مامۆستای زیرەك خاوەن ئەزموونێكی زۆر دەتوانێ پێشەنگێكی باش بێت بۆ قوتابییانی و لەگەڵ یەكەم ڕۆژی خوێندن قوتابی گرنگی بە ئەركی ڕۆژانەی خۆی بدات، كات بەفیرۆنەدان زۆربەی شتەكان بۆ كاتێكی تر هەڵگرێت، چونكە خوێندن و ئەنجامی باش لە هەموو ئەو شتانە گرنگترن، هاورێیەتی و برادەرایەتی لەگەڵ قوتابییانی لە خۆی زیرەكتر و هۆشیار تر.


































































