سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری وزە، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە، هەروەها بۆ ئەوەیە تا خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەندرێتە هاووڵاتییان.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: پێویست ناکات هیچ لایەک نیگەران بێت، چونکە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری وزە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە، هەروەها بۆ ئەوەیە تا خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەندرێتە هاووڵاتییان.
لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریکا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان پێکەوە هەبوو، قسەی زۆر باش کرا، گوێمان لە پشتیوانیی ئیدارەی سەرۆک ترەم بوو، ئەوان ئامادەن پشتگیری هەم لەم گرێبەستانە بکەن، هەم لە درێژەپێدانی پەیوەندییەکان بکەن لە هەموو ئاستێکدا.
هاوکات دەڵێت: پێویستمان بەوەیە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ زیاتر لە هەموو کاتێک یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات، هەروەها ئێستا ئێمە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجیی ئەمەریکا ڕێزمان لێ دەگیرێت و، چاومان لەوەیە ئەو پەیوەندییانە بچنە قۆناغی باشتر و بەرزتر.
هەر لەبارەی ڕێککەوتنەکانی بواری وزەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، “ئێمە تەنیا بەرپرسین لەسەر ئەو بڕیارانەی کە دەیاندەین، بڕیارمان داوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، بێگومان سوودی بۆ هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، خەڵکی دیکە چۆن لێکدانەوە بۆ ڕێککەوتننامەکان دەکەن کەیفی خۆیانە”.
گوتیشی: ئێمە کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە کەپیتاڵ هێڵ هەبوون، ئەمڕۆ و سبەینێ کۆبوونەوەی زیاتریشمان دەبێت، پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵ ئیدارەی وڵاتەکە، دەمانەوێت زیاتر و باشتری بکەین، ئەم پەیوەندییانە زۆر گرنگە بۆ ئێمە و لە بەرژوەندیی هەموو ناوچەکە دەبێت.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە دۆستی زۆرمان لە ئەمەریکا هەیە، لە کۆنگرێس و لە ئیدارەی وڵاتەکەش، ئێمەی خەڵکی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی ئەمەریکاین، پێکەوە شەڕی دژی تیرۆرمان کرد، دووپاتمان کردووەتەوە کە دەتوانین هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەبین.
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، گوتی: هیوادارم هەموو لایەک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، چونکە لە بەرژەوەنەدیی هەموو لایەکە، لە نێویشیاندا حکوومەتی عێراق، چونکە داهاتەی حکوومەتەکە زیاد دەکات.