دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە، ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی یەک قۆناغی نابێت، بەڵکو هەڵمەتێکی سەربازی دەبێت کە لانیکەم هەفتەیەک دەخایەنێت.
لە کاتێکدا بڕیارە سبەی هەینی 23-5-2025 خولی پێنجەمی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە ڕۆما بەڕێوە بچێت و هاوكات مەسعوود پزێشکیان سەرۆک کۆماری ئێران سەفەری عومان بکات، كە میوانداری سەرەکی دانوستانەکانە، دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی بە (ئاکسیۆس)یان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی خێرا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات ئەگەر دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن شکستیان هێنا.
ئەم سەرچاوانە باس لەوە دەکەن ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵگەی هەواڵگری ئیسرائیل تێڕوانینی خۆی لە نزیکیی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە گۆڕیوە بۆ ئەگەری نزیک لە داڕمانی دانوستانەکان. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانوستانەکان لەسەر پیتاندن گەیشتوونەتە بنبەست.
یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەکسیۆس دەڵێت : سوپای ئیسرائیل پێیوایە ڕەنگە بەم زووانە پەنجەرەی ئۆپەراسیۆن بۆ هێرشێکی سەرکەوتوو دابخرێت و ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، پێویستە ئیسرائیل بە خێرایی هەنگاو بنێت. ئەو سەرچاوەیە ڕوونی نەکردەوە بۆچی پێیان وایە هێرشەکە لە داهاتوودا کاریگەر نابێت.
هەروەها کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند” سوپای ئیسرائیل مەشق و ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەكات. سەرچاوەكە بە سی ئێن ئێن-ی گووت: مانۆڕی زۆر ئەنجامدراوە و سوپای ئەمریکا هەموو شتێک دەبینێت و تێدەگات کە ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات”.
سەڕچاوەیەکی ئیسرائیلی دەڵێت: بنیامین ناتانیاهۆ چاوەڕێی بێ ئەنجام بوونی دانوستانە ئەتۆمییەکانە و هەركاتێ ترەمپ له دانوستانەکان بێزار بوو، ئامادەیه گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنێت”.
دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە، ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی یەک قۆناغی نابێت، بەڵکو هەڵمەتێکی سەربازی دەبێت کە لانیکەم هەفتەیەک دەخایەنێت.

































































