“داوا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دەكرێت ماتۆڕسكیلەكان ڕێكبخرێنەوە و تۆمار بكرێن”
ڕاپۆرت زاری كرمانجی
سەرەڕای دەستبەسەر كردن و ڕێگری كردن لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، كەچی بەشێك لە ماتۆڕسكیلەكان بوونەتە هۆی بێزاركردنی هاووڵاتییان بە بەرزكردنەوەی دەنگی گزۆز و خێرا لێخوڕین بەناو ڕێگا و شەقامەكان، زۆرجاریش ڕووداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە.
كارزان عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سۆرانە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بەداخەوە بەشێك لە ماتۆڕسكیلەكان كاتێك بەناو شەقام و كۆڵانەكانی شار و شارۆچكەكان دەسووڕێنەوە، بەشێوەیەك دەنگی گزۆزەكانیان بەرزدەكەنەوە، دەبنە هۆی بێزاركردنی كردنی هاووڵاتییان، تەنانەت زۆرجار لە درەنگانی شەو دەنگی بەرزدەبێت، هەرگیز بیرلەوە ناكەنەوە كە خەڵك خەوتووە كاریگەری دەبێت لەسەر منداڵ و نەخۆش و پیر و پەككەوتەكان”.
گووتیشی: ڕاستە لەوانەیە بەشێك لە خاوەنی ئەو ماتۆڕسكیلانە بەدوای كار و كاسبیەوەبن و كاری دلیڤەری و گەیاندن بكەن، بەڵام ناكرێت ببنە هۆی بێزاركردنی خەڵك، بۆیە پێویستە هەموو ئەو ماتۆڕسكیلانە تۆمار بكرێن، بۆ ئەوەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و كاروكاسبی بەشێوەیەكی هێمنانە ئەنجام بدەن نەك بێزاركەربن، لەهەمانكاتیشدا ماتۆڕسكیلی وا هەیە بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بێزار بكات شەو ڕۆژ كار و كاسبی خۆی دەكات، ئەوەش جێگەی دەستخۆشی كردنە”.
ئەحمەد عەلی، كاری شۆفێری دەكات، بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا: جگە لەوەی بەشێك لە ماتۆڕسكیلەكان دەبنە هۆی بێزاركردنی هاووڵاتییان و سووڕانەوەیان بەشێوەیەكی ناتەندروست و نایاسایی بە شەقام و كۆڵانەكان، زۆرجاریش مەترسیان دەبێت لەسەر ڕووداوی هاتووچۆ، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا لە ڕێگاو شەقامەكاندا بەناو ئۆتۆمبێلەكان تێپەڕدەبن یان بە پێچەوانەوە دەسووڕێنەوە مەترسی پێكدان دروست دەبێت”.
دەشڵێت: بەداخەوە ماوە ماوە گوێبیستی ئەوەدەبین كە ماتۆڕسكیل خۆی بە كەسێك داداوە، یان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك پێكدادان دروست بووە، هەروەك بەشێك لە شۆفێری ماتۆڕسكیلەكان، كڵاو و ئەو جۆرە پێداویستیانە بەكارناهێنن كە بۆ لێخوڕین پێویستن، دواجار زیانی زۆر بە جەستەیان دەگات و شۆفێرەكانی دیكەش بەوهۆیەوە باجەكەی دەدەن.
سەردار حەسەن، هاووڵاتییەكی دیكەی شاری سۆرانە، بۆ زاری كرمانجی ئەوە دەخاتەڕوو: بەهۆی هەرزانی نرخەكەی كە كەمترە لە نرخی ئایفۆن و مۆبایلێك كەسانێك بەتایبەت گەنجان، پەنا دەبەنە بەر كڕینی ماتۆڕسكیلێك، لەوانە بەشێكیان بە مەبەستی چوونیان بۆ سەر كارێك یان بۆ خۆشی خۆیان ماتۆڕسكیلێك دەكڕن و لێی دەخوڕن، هەندێكیشیان بۆ كار و كاسبی و دڵیڤەری و گەیاندن، ڕاستە كار و كاسبی كارێكی پیرۆزە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر پابەندبوونە بە یاسا لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵی خۆیان و هاووڵاتییان”.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە هەر ماتۆڕسكیلێك سەرپێچی بكات، یان تۆمارنەكرابێت دەست بەسەر بكرێت و لێپێچینەوەی یاسایان لەگەڵ بكرێت، ئەوەش هەم لە بەرژەوەندی گشتی و هەم لە بەرژەوەندی خاوەن ماتۆڕسكیلەكەیە، چونكە كە دووچاری ڕووداوێك بوویەوە ئەوكات هەست بە هەڵەی خۆی دەكات، بەڵام درەنگ دەبێت، بۆیە پابەندبوون بە یاساو ڕێنماییەكانی هاتووچۆ پەیوەستە بە پاراستنی سەر و ماڵی شۆفێران بە گشتی. تەها مەهدی، بەرپرسی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری هاتووچۆی كوردستان، بە زاری كرمانجی گووت: لە ڕووی یاساییەوە ناكرێ مێرمنداڵ و هەرزەكاری خوار تەمەن 18 ساڵی شۆفێری بكات و ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت، ئەمە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و دەست بەسەر دەكرێت و دەدرێتە دادگە و ئۆتۆمبێلەكەش دەست بەسەر دەكرێت، چونكە لەم تەمەنە ناتوانێت ببێت بە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری پێویستە 18 ساڵی تەواو كردبێت.
ئەماژەی بەوەشدا: ئەو منداڵ و هەرزەكارانەی لە شەقام و كۆڵانەكان ماتۆڕسكێل لێدەخوڕن و دەبنە هۆی بێزار كردنی خەڵك زۆرجار ڕووداوی مەترسیداریان لێدەكەوێتەوە، بەشێكیشیان دەنگی گزۆزی ماتۆڕسكیلەكانیان بەرزكردووەتەوە و خەڵكی بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەكەن، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چاودێری زیاتر بخاتە سەر ئەو جۆرە ماتۆڕسكیلانە، هەروەها ئەو دوكان و فرۆشگایانەش كە ماتۆڕ و كەلوپەلەكان دەفرۆشن لە ڕێنماییەكانی هاتووچۆ دەرنەچن”.
ئەو بەرپرسەی هاتووچۆ، دەشڵێت: دەست خۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، بڕیاری داوە بە دروستكردنی لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ، بۆ تۆماركردنی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كاری گەیاندن و گواستنەوەی خواردەمەنی و كاروبارەكانی دیكە دەكەن.