بارزان شەهید تاهر
پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە نەك تەنیا وەك ڕێكخراوێكی سیاسی، بەڵكو وەك پارتێكی جەماوەری، نیشتمانی، نەتەوەیی كە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی گەلی كورددا داكوتاوە، سەریهەڵداوە، فەلسەفەی بنچینەیی ئەم حزبە لەسەر چەند پایەیی سەرەكی دامەزراون، ناسنامەی كوردایەتی و ئایدیالی ئازادی و ڕەسەنایەتی. پەیامی قووڵی پارتی و ڕەگ و ڕیشەی پێكهاتەی پارتی، ڕابردووی پارتی دیموكراتی كوردستانی بە داهاتوو بەستۆتەوە.
لە ڕابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستانی دەنگی گەلێك بوو كە زمانەكەی سەركوت كرابوو، ناسنامەكەیان ڕەتكرایەوە و كولتوورەكەیان پەراوێز خرابوو، لەو سەردەمەدا ئەگەرچی پەیامی پارتی سادەیە، بەڵام لە بنچینەدا قووڵ بیردەكاتەوە، دەبێت بوەستین، دەبێ بیپارێزین، دەبێت بمێنینەوە، دەبێت خۆڕاگربین، ئەم بەرخودانە تەنها لەسەر بنەمای سەربازی یان سیاسی نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای كولتووری و بەهاش بووە. بارزانیی نەمر، لە ڕێگەی قسە و كردارەكانییەوە، شوناسێكی هەم كورد و هەم ئینسانی پێناسە كردەوە، هەردووكیان ڕەگ و ڕیشەیان لە نەریتدا هەیە و ئەمڕۆش كراوەن بەڕووی جیهانی نوێدا.
ئەمڕۆ لەگەڵ گواستنەوەی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی بەرخۆدانەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتسازی و گەشەپێدان، ئەم پەیامە پێویستی بە لێكدانەوە و نوێكردنەوە هەیە، ئەگەر دوێنێ ئامانج پاراستنی ناسنامە بوو لە بەرامبەر ئینكاری، ئەمڕۆ ئەركەكە بنیاتنانی ئایندەیەكە لەسەر بنەمای ئەم ناسنامەیە، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەردەم پرسیارێكی فەلسەفیدایە، چۆن دەتوانێت بە كوردی بمێنێتەوە و لە هەمان كاتدا ببێتە جیهانی و مۆدێرن؟ چۆن دەتوانێت ڕابردوو بپارێزێت بەبێ ئەوەی داهاتوو بەجێبهێڵێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە لە گەڕانەوەی داهێنەرانە بۆ فەلسەفەی بارزانیدایە، فەلسەفەیەك كە ناسنامەی كوردی لەڕووی ئیتنۆسەنتریزمی داخراوەوە پێناسەی نەكرد، بەڵكو لەڕووی ئینسانیزمی ئازادەوە، بەم پێیە ئایندەی پارتی پەیوەستە بە بەرهەمهێنانەوەی بەهاكانی وەك ئازادی، دادپەروەری، یەكسانی و كەرامەتی ئینسانی لە ژێر ڕۆشنایی ناسنامەی كوردایەتیدا.
پەیامی پارتی نەك تەنیا بە یادەوەرییەكانی ڕابردوو، بەڵكو بە هیوایەكانی بۆ ئایندە بەرنامەكانی خۆی ئاڕاستەی ئێستا و ئایندەش دەكات، پێویستە بڵێین: كوردبوون لای پارتی تەنیا پەیوەندییەكی نەتەوەیی نییە، بەڵكو پابەندبوونێكی ئەخلاقی و كولتوورییە، ئەویش بە ڕاستگۆیی و بەرەنگاری و خزمەتكردن بە كۆمەڵگەیە بۆ ژیانێكی باشتر.
ئەگەر ئەم پەیامە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بگەڕێندرێتەوە و بەهێز بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان نەك هەر وەك حزبێكی سەر بە ڕابردوویەكی شكۆمەندانە، بەڵكو وەك هێزێك بۆ بنیاتنانی ئایندەیەكی باشتر و جیاواز، ئایندەیەك كە تیایدا كوردبوون دەبێتە سەرمایەیەكی بەهێز بۆ خزمەتكردنی گشتی و كۆی مرۆڤایەتی.