مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر ی ئێرانی، لە كۆتایی كۆڕبەندی سنە، چەندین ڕێككەوتننامە لە نێوان پارێزگاكانی كوردستان، كرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا و چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان واژۆ كرد.
ئەمڕۆ چوارشهممه 21ـی ئایاری 2025، كۆڕبەندی ئابووری و بازرگانی سنە لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان بە واژۆ كردنی ڕێككەوتننامە كۆتایی هات.
لە درێژەی راپۆرتەكەی ئاژانسی هەواڵی مێهر هاتووە “چەندین كۆڕ و گفتوگۆی دوو لایەنە لە ئاستی پارێزگارەكان و كارناسان و بەڕێوەبەران بەڕێوەچووە.”
دوێنێ سێشەممە 20ـی ئایار بە سەردانێكی فەرمی، هەر چوار پارێزگارەكەی باشووری كوردستان بە سەرۆكایەتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجەیە گەیشتنە شاری سنە ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان .


