چوارشەممە، 21ـی ئاایری 2025، ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک، نووسیویەتی: سەردانەکەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لەم کاتە هەستیارەدا بۆ واشنتن، هێندەی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیمزاکردنی دوو گرێبەست بە بڕی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لە نێوان هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، بووەتە هۆی پێشوازیکردنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو گرێبەستانە، ئەمەش مانای وایە ترەمپ و حکوومەتی ئەمەریکا پشتیوانی ئەو گرێبەستانە دەکەن.
زیاتر نووسیویەتی : ئەم گرێبەستانە درێژکراوەی گرێبەستی پێشووترن، لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە، کە بە پێی یاسای نەوت و غاز ژمارە 22ـی ساڵی 2007 کراوە، واتە ئەم گرێبەستانە نوێ نین و تەواوکارین و تەواو یاسایی و دەستورییە، بە پرسی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز کە لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت تێدا بەشدارن کراوە و نوێنەریان لە کاتی ئیمزاکردنەکە ئامادەبوون.
لە بەشێكی نووسیەنەكەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە” عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە یاسای نەوت و غاز دەربکات، تاباسی نایاسایی گرێبەستەکە بکات، بۆیە با جارێ یاسا دەربکەن ئەوکات باسی نایاسایی گرێبەستەکە بکەن”.
دەشڵیت: سوودمەندی گەورەی ئەم گرێبەستە هەرێم و عێراقن، کە لە ڕووی بەرهەمهێنانی کارەبا و غازی ماڵان، ژێرخانێکی ئابووری پتەو دروست دەکات.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق نووسیویەتی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە ڕۆژانی داهاتوو لە ئاستی زۆر باڵا گفتوگۆ لەسەر پرسی پرۆسەی ئاشتی و وزە و دیپلۆماسییەت و وەبەرهێنان و بازرگانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسی و ئەمنی دەکات، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
گوتیشی: بە دڵنیاییەوە مەسرور بارزانی سەرکردەیەکی دونیابین و دووربینە و هەنگاوەکانی بۆ ئێستا و داهاتوویەکی دوورە کە زۆر پرشنگدار دەبێت بۆ گەلی کورد و هەرێمەکەمان و دەرئەنجامەکانی دەبینین.