بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیادا نزیکەی 2% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن سەبارەت بە ئامادەیی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ڕۆژی چوارشەممە 21ی5ی2025 ، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە 66 دۆلار بەرزبووەوە، هاوکات نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس ئینتەرمیدێت نزیکەی 3.5% بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە 63 دۆلار.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکی بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند: ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد: “ئاسۆی ڕێککەوتنێک لە نێوان ترەمپ و ئێران کە هەموو کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران لەناو نەبات، ئەگەری هێرشکردن زیاد دەکات”.