سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە.
سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: پەیوەندییەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، ئەم پەیوەندییەش تەنیا لەبەر گرێبەستەکانی دوێنێ نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی لەنێوانمان هەیە، هەر ئەمەش وای کردووە ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێک سەیری هەرێمەکە بکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات دەشڵێت: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە.
مەسرور بارزانی، جەختی لەوەش کردەوە، لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین. گوتیشی: لە ئەمەریکا پێشوازییەکی زۆر لەم هەوڵانە دەکرێت کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وزە و بووژانەوەی ئابوورییە.
هەر لەبارەی ڕێککەوتنەکانی دوێنێ، مەسرور بارزانی ڕوونی کردەوە، ڕێککەوتنەکان دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە هەم لە هەرێمەکە هەم لە عێراقیش.