ئەبراهام حەمادە، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن دەربڕی و جەختیشی لە گرنگی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمەکە و ئەمەریکا لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.
سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام (ئەیب) حەمادە کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت: کۆنگرێسمانە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە شانازی دەکات لە بنەماڵەکەیاندا ڕەگێکی کوردی هەیە و ( دایکی باوکی ) کوردە و دایکیشی درووزییە.
هاوکات کۆنگرێسمان ئەیب خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ واشنتن و واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بوارەی وزە دەربڕی، کە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدایە و جەختیشی لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان ئەیب کرد کە ساڵی ڕابردوو بە ئەندامی کۆنگرێس هەڵبژێردرا و، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست، هەروەها سوپاسی پشتیوانییەکەی کرد لە هەرێمی کوردستان.