سەرەڕای بەردەوامی بۆردومانەکان و هێرشە بەرفراوانەکان بۆ سەر کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی هێشتا لە سەرتاسەری غەززە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “گالیسکەکانی گیدۆن” چالاکن.
گووتەبێژی سوپا، ئەڤیخای ئەدرعی داوای لە دانیشتوانی پارێزگای خان یونس کرد، ناوچەکە بەرەو ناوچەی ئەلمەواسی لە ڕۆژئاوا چۆڵ بکەن.
ئەدرعی، لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس، ڕایگەیاند” سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بێ وێنەی دەستپێکردووە”.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ” لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 160 ئامانج لە سەرانسەری کەرتی غەززە بۆردومان کراون”.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو هێزانە بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپا و فەرماندەیی باشوور و ئامێری ئاسایشی ناوخۆی شین بێت، دژی ڕێکخراوەکانی کەرتی غەززە چالاکی دەکەن بۆ لەناوبردنی ژێرخانەکانیان و بە ئامانجگرتنی “تێکدەرەکان”.