بەپێی بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، بۆ دروست كردنی ژمارەی بێ هاوتای كەسی و وەزیفی فەرمانبەران و خانەنشینان، كە بە (UPN) ناسراوە، ڕێژەی ١%ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەبڕدرێت، كە بۆ یەك جارە و بەرپرسێكی بایۆمەتری لە هەرێم دەڵێت” لە مووچەی مانگی ٥ دەبڕدرێت”.
لێبڕینی ١٪ـی مووچە بەجۆرێکە، لە کۆی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەبێت، ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەی بنەڕەتییەکەی 400 هەزار دینار بێت، تەنیا چوار هەزار دیناری لێدەبڕدرێت.
عەبدولزەهرا ئەلهنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، “بەپێی بڕیاری ژمارە 281ی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٢٨١ی ساڵی ٢٠١٧، بڕی ١%ی مووچەی فەرمانبەرێک بۆ دروستكردنی ژمارەی وەزیفی دەبڕدرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لێبڕینەکە بۆ کارمەندێک دەکرێت، کە ژمارەی وەزیفی وەردەگرێت و تەنها یەکجارە و تەنها لە مووچەی بنەڕەتییەكەی دەبڕدرێت نەک کۆی مووچەکەی”.
وتیشی، “لێبڕینەکە لەلایەن ئەو دامەزراوەیەوە دەکرێت، کە فەرمانبەرەکەی تێدا کاردەکات، هەروەها ڕێژەیەک لەم حسابە یان لێبڕینە دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دامەزراوەی ناوەندیی ئامار بۆ دابینکردنی ژێرخانی بنەڕەتی و پێداویستییەکانی ئەم پڕۆژەیە”.
هینداوی جەختیشی كردەوە، “هەمان ڕێژەی لە کارمەندێک دەبڕدرێت کاتێک لە پلەیەکەوە بەرز دەکرێتەوە بۆ پلەیەکی تر”.

































































