زاری كرمانجی- سۆران:
جێگری سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، کار بۆ ھەموارکردنەوەی ماددەیەکی نێو یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکەن و دەشڵێت” بەھۆی تەواوبوونی وادەی پێشکەشکردنی داواکاری، ھێشتا ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان نەیانتوانیوە مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش بە یەکە کاڕگێرییەکان بکەن”.
نەجات شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان، ڕاگەیاند: “بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ماوەیەک بۆ تۆمارکردنی داواکاریی خاوەن خانووی زێدەڕۆ دیاری کرابوو، بەڵام زیاتر لە مانێگە وادەکە تەواو بووە و ئیتر ھاووڵاتییان ناتوانن داواکاریی خۆیان پێشکەش بە یەکە کارگێڕییەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی خانووی زێدەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان.”
جێگری سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان دەشڵێت: “بەپێی مەزەندەی ئێمە ھێشتا ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتی ماوە بۆ تۆمارکردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ، لەبەر ئەوەیش پێویستە ڕێگەچارەیەک ھەبێت بۆ ئەوەی کەس بێبەش نەکرێت لەو دەرفەتەی حکوومەت بۆ تۆمارکردنی خانووی زێدەڕۆ.”
نەجات شەعبان ڕوونیشی کردەوە: “لیژنەی شارەوانییەکان لەسەر ئەو بابەتە کۆ بووەتەوە و پێشنیار کراوە بۆ ئەوەی تەنیا ئەو ماددەیە ھەموار بکرێتەوە و جارێکی دیکە دەرفەت بە خاوەن خانووە زێدەڕۆکان بدرێت مامەڵە پێشکەش بە حکوومەت بکەن، ھەرچەندە پێشتر یاسای بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار کراوەتەوە، بەڵام پێویستی بە ھەمواری ئەو ماددەیە ھەیە و دوای ھەماھەنگی لەسەر شارەوانییەکان و دەزگە پەیوەندیدارەکان کار بۆ ھەموارکردنەوەی ئەو ماددەیەی نێو یاسای بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکەین.”