لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت مۆسکۆ و کیێڤ ڕێککەوتوون لەسەر دانوستانی دەستبەجێ بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بەڵام کرێملین هیچ چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراوی دانەناوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمرۆ سێشەممە ڕووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە جێبەجێ كردنی پڕۆسەی ئاشتیدا وەستاوە تا بتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕکردن لە ئۆکرانیا و داگیرکردنی خاکەکەی.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، زێلێنسکی ڕایگەیاندووە، ئۆکرانیا گومانی نییە کە شەڕەکە لەسەر مێزی دانوستان کۆتایی پێبێت، بەڵام پێویستە پێشنیاری ڕوون و واقیعی لەسەر مێزەکە هەبێت. لە درێژەی قسەکانیدا داوای کرد سزای زیاتری نێودەوڵەتی بەسەر ڕووسیادا بسەپێندرێت.
دۆناڵد ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، دەستبەجێ مۆسکۆ و کیێڤ دەست بە گفتوگۆکان دەکەن سەبارەت بە ئاگربەست، هەرچەندە کرێملین ڕایگەیاندووە، پرۆسەکە کات دەخایەنێت.
سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی زێلێنسکی بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر مۆسکۆ، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئامادە نییە پەیوەندی بە ئەوروپاوە بکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا. ترەمپ لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا قسەی کرد، لە پەیوەندییەکی گروپیدا بۆچوونەکانی خۆی گەیاندە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، هەروەها سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و فینلاند.
ترەمپ زیادی کرد: ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان دەکەن بۆ ئاگربەست و لەوەش گرنگتر کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. پاشان ڕایگەیاند کە پێی وایە “پێشکەوتن هەیە”.
پوتین سوپاسی ترەمپی کرد کە پشتگیری لە دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کردووە، دوای ئەوەی نوێنەرانی هەردوولا لە تورکیە کۆبوونەوە. دیدارەکەی هەفتەی ڕابردوو یەکەمین گفتوگۆی ڕووبەڕووی ڕووسیا و ئۆکرانیا بوو لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢ەوە، بەڵام دوای پەیوەندییەکی لەگەڵ ترەمپ لە ڕۆژی دووشەممەدا، پوتین تەنها ئەوەی ڕاگەیاند کە هەوڵەکان “بە گشتی لەسەر ڕێگای ڕاستن” و خۆی لە وتنی ئەوەی کە چی ڕوودەدات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دوورکەوتەوە.

































































