مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە سەردانێكی فەرمی، هەر چوار پارێزگارەكەی باشووری كوردستان گەیشتنە شاری سنە ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگاری سنە ڕاگەیاند “كۆبوونەوەی پارێزگارانی هەرێمی كوردستان لە سنە، بە ئامانجی كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە ئالوگۆرە سنوورییەكان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان لایەنەكان بەڕێوەدەچێت.”
شاندەكە بە سەرۆكایەتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجەیە.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە دوای ڕێوڕەسمی پێشوازی لە پارێزگارانی هەرێمی كوردستان قسەی بۆ میدیاكان كرد و ڕاگەیاند “ئەم كۆبوونەوەیە یەكەمین جارە لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت، هەوڵێكی ستراتیژییە بۆ دابینكردنی مۆدێلێكی گونجاو بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستانی عێراق.”
گوتیشی “خەڵكی ئێمە لەو پارێزگایانەی هاوسنوورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ماوەیەكی زۆرە پێكەوە دەژین، پەیوەندی خێزانییان هەیە، پەیوەندییەكی دێرینیان هەیە و تەنانەت بازرگانیی تەقلیدیش لەو ناوچانەدا باو بووە.”
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش ڕاگەیاند “خۆشحاڵین كە وەك شاندێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە پێكهاتووە لە پارێزگارەكانی ئەم هەرێمە، بە یاوەری ژوورەكانی بازرگانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆك و هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەكان، هاتووین بۆ كوردستانی ئێران.”