مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای سەردانەكەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشتن و واژۆ كردنی لە سەر دوو ڕێككەوتننامەی ئابووری گرنگ لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (ئێچ كەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)ی ئەمەریكی، كە بەهاكەی دەیان ملیار دۆلارە، هاووڵاتییان بە گەشبینییەوە دەڕواننە ئەو هەنگاوەی سەرۆكوەزیران و پێیان وایە ئابووریی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات .
ڕاوێژكارێكی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، باس لەوە دەكات كە ڕێككەوتننامەكە جگە لە پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووریی و نەمانی ترسی هاووڵاتییان و سەرمایەداران و وەبەرهێنران لە جووڵە پێكردنی پارەكانیان و وەبەرهێنان كردنیان .
د.عەلی ئیبراهیم حەسەن، خاوەنی دامەزراوەی بزنس تایم و ڕاوێژكاری كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر، لە لێدوانێكی تایبەت بە زاری كرمانجی قسە لەگەڵ ڕێككەوتننامەكە دەكات و دەڵێ “سەبارەت بەو ڕێككەوتنە گرنگەی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسروور بارزانی ئەنجامی دا لە واشتن، كاریگەری ئەو ڕێككەوتنە یەكەم شت دوای ماوەیەكی دوور و درێژ شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا توانرا ئەو ڕاستییە بۆ ڕای گشتی خەڵكی كوردستان و كۆمپانیاكان و جیهان بە دەربخرێت كە بریتین لەم چەند خاڵانەی خوارەوە :
یەكەم : دوای مشتومڕێكی زۆر لەوەی كە ئایا گرێبەستەكان یاساین یان نا، ئەوە بوو دادگای كەرخ بڕیاری دا كە گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیاكان یاساین و بە گوێڕەی یاسای پەرلەمانی كوردستان دەرچووبوون و هیچ گرفتێكی یاساییان نەبووە .
دووەم : لە پەرلەمانی عێراق لە بودجەی 2025 بە جۆرێكی دیكە و لە ڕێگەی چەندین دەقی نوێ دان نرا بە ڕەوایەتی كاركردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكان و وە گەیشتە قۆناغی دانانی تێچووی بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێكی ترە لە پاڵپشتی یاسایی لە گەورەترین دامەزراوەیی عێراقی بۆ كۆمپانیا و گرێبەستەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان.”
د. عەلی پێی وایە بەهێزبوونی هەژموونی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەی هەرێم لە ڕووی سیاسیی لە نێو هاوكێشەكان بەرزتر دەكاتەوە و دەڵێ “لە ئێستادا تەنیا ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان دەكات، لە گەل ئەو گۆڕانكارییە گەورەی كە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدات و بووەتە هۆی لاوازبوونی فشاری ڕووسیا و ئێران لەم ناوچەیەدا و بەهێزبوونی هەژموونی ئەمەریكا كە ئەوەش سوودی گەورەی هەیە لە ڕووی سیاسیی بۆ هەرێمی كوردستان، جگە لەوەش پێگەی هەرێم لە ڕووی سیاسیی لە نێو هاوكێشەكان بەرزتر دەكات.”
دەشڵێت “هەروەها بوونی وەبەرهێنانی بیانی لە ناو هەرێمی كوردستان، جگە لە پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووریی، چونكە هاتنی زیاتر لە وەبەرهێنان كە دەڵێن 100 ملیار دۆلار لە ڕێگەی سێ پرۆژە لە هەرێمی كوردستان، ئەوە خۆی لە خۆیدا ترسی هاووڵاتییان و سەرمایەداران و وەبەرهێنران كۆتایی پێ دەهێنێت و خەڵك ئامادەیە وەبەرهێنان بكات و پارەی خۆی جووڵە پێ بكات .”
خاوەنی دامەزراوەی بزنس تایم و ڕاوێژكاری كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە درێژەی قسەكانی دا دەشڵێت “كارەبا یەك لە گرێبەستەكانە كە وا دەكات وەبەرهێنان لە غاز و كارەبا بكرێت و ئەمەش وا دەكات كە هەرێمی كوردستان ببێتە دابینكاری غاز بۆ تەواوی عێراق، كە ماوەیەكی زۆرە عێراق لە ژێر فشار دایە بەوەی نابێت غاز لە ئێران بكڕێت، ئەمەی هەرێمی كوردستان دەبێتە سەرچاوەی ناوخۆیی كە عێراق بەكاری بهێنێت، بۆیە بە دڵنیایەوە ئەو گرێبەستانە كاریگەری زۆر لەسەر بەغدا دروست دەكات بەوەی بە زووترین كات كێشەكانی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.”
د. عەلی جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ڕێككەوتنەكە بازاڕی خانووبەرە گەرمتر دەكاتەوە و دەڵێ “لەم قۆناغەدا بوونی ئەو گرێبەستانە، بووژانەوەی ئابووری لە هەموو سێكتەرەكان خێراتر دەكات، بە تایبەتیش سێكتەری خانووبەرە كە لە هەموو وڵاتان یەكێكە لە سێكتەرە خێراكان كە زوو وەڵامی هەواڵە خۆشەكان دەداتەوە.”