سەرۆك بارزانی: پێشمەرگایەتی بەرزترین و بەشەرەفترین دەستكەوتی ژیانمە
ئەمڕۆ شەست و سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ژیانی پێشمەرگایەتی سەرۆك بارزانی، كە لە 20ی ئاداری ساڵی 1962 بۆتە پێشمەرگە و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا سەركردایەتی و ڕۆڵی باڵای لە نووسینەوەی چەندین دەستكەوت و داستانی مێژوویی و بەناوبانگی كوردستاندا هەبووە. كەم بۆنە هەبووە و هەیە، سەرۆك بارزانی خۆی وەك پێشمەرگەی كوردستان نەناسێنێت، زۆرجاریش گوتوویەتی: گەورەترین شانازیی و پلە و پۆست لای من پێشمەرگایەتییە، ئەمە بەرزترین و بەشەرەفترین دەستكەوتی ژیانمە.
20ـی 5ـی هەموو ساڵێك كە دێت، ساڵێكی دیكە دەچێتە سەر تەمەنی پێشمەرگایەتیی سەرۆك بارزانی، چونكە ئەو هێشتا هەر خۆی بە پێشمەرگەی كوردستان دەزانێت. سەرۆك بارزانی لە 16/8/1946، لە دایكبووە، لە دەستپێكی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە 11/9/1961دا، بە ناچاری خوێندن بەجێ دەهێڵێت و لە 20ی ئایاری 1962 پەیوەندی بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە دەكات.
سەرۆك بارزانی، دەڵێت: لە ڕێكەوتی 20ـی ئایاری ساڵی 1962 لە گەلیی بێخمە پەیوەندیم بە بارەگای بارزانیی نەمر كرد و بە فەرمی چوومە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە، دۆخی سیاسی پێش شۆڕش و كەشی دوای شۆڕش، بارێكی هەڵخستبوو، كە باوكمان زۆربەی كات دوور لە ماڵ و خێزان بوو، بۆیە داواكاری خۆم بۆ پەیوەندیكردن بە ڕیزەكانی شۆڕشەوە بۆ باوكم نارد، وێرای ڕەزامەندیی باوكم، بە هەوڵێكی زۆر ڕەزامەندیی ئیدریسی برام و شێخ بابۆی مامم، دوای هەموو ئەمانەش دەبوایە ڕەزامەندیی گەورەمان شێخ ئەحمەد بارزانی وەربگرم، وردەكاریی چۆنیەتی پەیوەندیكردنم بە شۆڕشی ئەیلوول و ڕیزەكانی پێشمەرگە لە بەرگی سێیەمی كتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد” لە بەشی شۆڕشی ئەیلوولدا باس كردووە، تا ئێستەش بیرهاتنی سات بە ساتی چۆنیەتی ڕۆیشتنم بەرەو بەرەی پێشمەرگە و بارەگای بارزانی، بۆ من خۆشی بەخشە و بەشێكە لە یادەوەرییە هەرە خۆشەكانی ژیانم.