بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا لەنێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئەنەرگی و وێستێرن زاگرۆس واژوو دەکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا دەکات.
هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئەنەرگی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن، کە بەهاکەیان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.