كشتووكاڵی سۆران: دەرمانمان بەهەموو قەزا و ناحیەكان داوە بۆ لە ناوبردنی
موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
لە دەستپێكی وەرزی بەهار جۆرە كولەیەكی زیان بەخش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پەیدا بووە، بەگووتەی جوتیاران زیانی زۆری هەیە و بەرووبوومیان و لەناویدەبات.
بەپێی زانیاریەكانی زاری كرمانجی، كولە یان ” كلۆ ” لە ناوچە سارد و فێنكەكان زیاتر بوونی هەیە، ڕەنگی نزیكە لە قاوەیی و درێژیەكی دوو سانتیمە، هەزاران كولە بەیەكەوە دەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانی پێشتریش بوونی هەبووە و چەندین جوتیار زەرەرمەندبوونی خۆیان بەهۆی ئەو كولەیە ڕاگەیاندووە.
جەوەر ساڵح جوتیارێكی گوندی سەری بەردە لە سنووری ناحیەی دیانا، بە زاری كرمانجی گووت:” ئەمساڵ هێرشی فراوانی كولە لە گوندەكەمان سەری هەڵداوە و پڕی ناوماڵانیشە، كە زیان بە هەموو شتێك دەگەینێت، ساڵی ڕابردوو كاتێك تەماتەمان دادەنا هێشتا تەواو نەببووین كولە شتڵی تەماتەی لەبەردەم چاوی ئێمە كەرت دەكرد و دەیخوارد، ئەمەش وادەكات كە تەماتەكە لەنێو بچێت و دووبارە شین نەبێت.
زیاتر گووتی:” دوو بتڵی دەرمانم لە كشتووكاڵ وەرگرتووە و ڕێژەكە زۆر كەمە، بە نیازم لە ڕۆژانی داهاتوو كاتێك خەیار و تەماتەم چاندن بەكاری بێنم، ئێستا دەرمانەكە بیڕشێنم ئەوكات دەرمانم نابێ بەكاری بێنم، پێویستە حكوومەت ئاوڕی زیاترمان لێ بداتەوە.
سابیر عەلی جوتیارێكی دەڤەری باڵەكایەتیە، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” لە ساڵی هەشتایەكانەوە كاری جوتیاری دەكەم نازانین هۆكار چی بوو ساڵانی پێشتر ئەم جۆرە كولەیە لە سنوورەكەمان بوونی نەبوو، كەچی چەند ساڵێكە دەڤەرەكەمان پڕ دەبێت لە جۆرە كولەیەكی زیان بەخش”.
زیاتر گووتی:” ساڵانە بەهۆی كەمئاوی و ساغ نەبوونەوەی بەرووبوومەكانمان و چەند كێشە و گرفتێكی دیكەی بەردەم كاری جوتیاران، سەرهەڵدانی ئەو ڕێژە زۆرەی كولەش كێشەیەكی دیكەی سەربار، پێویستە حكوومەت هەوڵی ڕژد بدات بۆ لە ناوبردنی تا جوتیاران زیانی زۆریان پێنەگات و لیژنەیەكی بەدواداچوون لە قەزا و ناحیەكان پێكبهێنێت سەردانی بەرووبوومی هاوینەی جوتیاران بكات كە چەند لە ماوەیەكی نزیكدا دەست پێدەكات.
گووتیشی:” هیچ زیندەوەرێكی زیان بەخش وەك كولە زیان بە بەرووبووم ناگەینێت، بەشێوەیەكی سەیر بەرهەمی كشتووكاڵی لە ناو دەبات، تەنانەت زیانی بۆ دار و باریش هەیە.
لای خۆیەوە، حەكیم عەبدوڵڵا جێگری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە ئێستادا هێرشی كولە بۆ لە ناوچە ساردەكان دەستی پێكردووە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر بەرووبوومو بەرهەمی جوتیاران دروست دەكات، بە تایبەت لە ماوەی دانانی تەماتە و خەیار و بەرهەمە هاوینییەكان.
جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سۆران، باسی پەیدابوون و زیادبوونی كولەكەدەكات و دەڵێت:” كولەكە خۆماڵییە و بەهۆی نەبوونی شەخت و سەرمای بەهێز، هەروەها نەبوونی بەفر و بارانی زۆر هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی ئەو زیندەوەرە زیانبەخشە، ئەگەر زوو لە ناو نەبردێت ئەوا كولە گەڕای خۆی دادەنێتەوە و ساڵانە لەبری كەمكردن زیاد دەبێت .
باس لەوەشدەكات، ئەمساڵ زیانی زۆر بە بەرووبوومی جوتیاران دەگەینێت و ڕێژەكە یەكجار زۆرە، بەڵام بەهۆی هەبوونی سەوزای هێشتا نەچۆتە نێو كشتوكاڵی هاووڵاتییان، بۆیە كاتێك گیا و سەوزای نەما ناچار دەبێت بۆ خواردن ڕوو لە نێو بەربووم و بەرهەمی جوتیاران بكات.
حەكیم عەبدوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو، وەكو حكوومەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ، هەوڵی تەواومان داوە و دەرمانی لەناوبردنی كولە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و هۆبە و بەشەكانی سنوورەكەمان ڕەوانەكردووە، بە مەبەستی پارێزگاری كردن لە بەربوومی جوتیارانی دەڤەرەكەیان و بەسەر جوتیاران دابەشكراوە، دەرمانەكە كوالیتی بەرزی هەیە و قڕكەرە دەتوانرێ ئەو كولەیە لە ناو ببات”.
ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵ، گووتیشی:” بەردەوامیشین لە پێدانی ڕێنمایی بە جوتیاران و كاسبكاران، باشتر وایە جوتیارەكان ڕۆژێك دیاری بكەن و پێكەوە دەرمانەكە بڕشێنن تا زۆرترین كولە لەناوبچێت، لەلایەكی دیكەش دەرمانەكە بەهێزە و بە هەڕەمەكی ڕشاندن دەبێتە هەڕەشە لەسەر هەنگ و چەند زیندەوەرێكی دیكە و زیان بە ئاوی خواردنەوەی كانیاوەكانیش دەگەینێت، بۆیە پێویستە لە كاتی ڕشاندنیش هۆشیاری ئەوەیان هەبێت. بۆ لەناوبردنی كولە باشترین ڕێگا ئەوەیە بۆ لە ناوبردنی زۆرترین كولە، دەرمانەی قڕكەرەكە لە نێو هەندێ خواردنی وەك ساوار بكرێت و لە نزیك بەربوومی خۆیان دابنێن، بەمەش زیانی لاوەكی نابێت و كولەكەش لە نێودەچێت.
ساڵانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەزاران دۆنم زەوی دەكرێتە بەرووبوومی هاوینە، لە نێویدا تەماتە و خەیاری دەڤەرەكە ناوبانگی باشی دەركردووە و لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ناسراوە و باشترینە، خەڵكێكی زۆر سەرقاڵ بە كاری كشتووكاڵی دەبن و بەشێكی زۆریان بژێوی ژیانیان لەو ڕێگەیە پەیدا دەكەن.






























































