مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی (مەدا) ی عێراقی، لە سەر زاری سەركردەیەكی عێراقیی نهێنییەكانی ئامادەنەبوونی سەركردەكانی عەرەبی لە لووتكەی بەغدا ئاشكرا دەكات و دەڵێ “پلان و ئامانجی عێراق بۆ كۆكردنەوەی سەركردەكانی عەرەب لە بەرەی (توركیا – قەتەر)، سعوودیە و ئیمارات و ئوردنی نیگەران كرد و شكستی بە لووتكەكە هێنا.”
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ڕۆژنامەی مەدا ی ڕاگەیاندووە “پلانی عێراق بۆ ئەوەبوو كە هەمووان بچنە بەرەی (توركیا – قەتەر)، ئەوەش سعوودیە و ئیمارات و ئوردنی نیگەران كردووە، بۆیە بەشداریی لووتكەكەیان نەكرد.”
بە گوێڕەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە، 15 سەركردەی وڵاتانی عەرەبی ئامادەی لووتكەكە نەبوون، ئەو سەركردەیە باس لەوەش دەكات كە پێشتر عێراق ئاگادار بووە لە ئامادەنەبوونی بەشێك لە سەركردەكانی عەرەب بەڵام محەممەد شیاع سوودانی پێداگری كردووە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە.
































































