ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، بڵاوی كردەوە، لە بەردەوامی و درێژەپێدانی پڕۆژە مەزنەكەی زۆم، كە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆك بارزانی و بە پاڵپشتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی، لە پێناو خزمەتگەیاندن بە خەڵك و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان و برەودان بە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە، ئەمڕۆ ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی لە ڕێورەسمێكدا بەردی بناغەی پڕۆژەی كێلگەی زۆم بۆ بەخێوكردنی مانگای شیردەر لەلایەن كۆمپانیای (GEG construction ) لە دەڤەری بارزان دانرا.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتوو لە ڕێورەسمەكەدا بەرپرسانی ئیداری، حزبی و سەربازی و ژمارەیەك لە ئاژەڵدار و جووتیار و هاووڵاتیانی دەڤەرەكە بەشداربوون و لەلایەن بەڕێز مەلامستەفا بارزانی ووتارێك پێشكەشكرا، بەڕێزیان لە ووتارەكەیدا تیشكی خستە سەر هەنگاوەكانی پڕۆژەی زۆم، كە مەبەست لێی ڕەخساندنی هەلی كاری زیاترە بۆ گوندنشین و جووتیار و هاووڵاتیان و بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی و پشت بەستن بە داهاتی ناوخۆیی، بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەی كێلگەی زۆم بۆ بەخێوكردنی مانگای شیردەری ڕاگەیاند، كە چوار بەشی سەرەكی لە خۆی دەگرێت كە بریتین لە: كێلگەی زۆم بۆ بەخێوكردنی مانگای شیردەر، پڕۆژەی زۆم بۆ كشتوكاڵ، سەنتەری ڤێتەرنەری زۆم، زۆم ماركێت.




































































