ڕۆژنامەی Maarivـی ئیسڕائیلی:
تڕەمپ حیسابمان بۆ ناکات و بێ ئێمە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە
لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، کە ئیسڕائیل لە دەرەوەی گرنگیپێدانەکانی واشنتۆن بوو، لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانی ئیسڕائیلدا گرنگییەکی زۆری پێدرا، و دەڵێن؛”ئەو حیساب بۆ ئێمە ناکات”، ئەمە ناونیشانی وتارێکی “ئالۆن بن دەیڤد” بوو لە ڕۆژنامەی “ماریڤ-مەعاریف”دا:
تڕەمپ بەبێ ئێمە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشێتەوە. لەم هەفتەیەشدا ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی بەنرختری لە ئێمە هەیە
لە وتارەکەیدا ئالۆن بن دەیڤد نووسیویەتی؛ زۆرێک لە ئیسڕائیلییەکان دەیان ساڵە خەون بەوەوە دەبین کە ئیسڕائیل بکەن بە ٥١هەمین ویلایەتی ئەمریکا، ئەم هەفتەیە بۆ ساتێک وا دەرکەوت کە ئێمە هەنگاوێکمان بەو ئاڕاستەیەدا ناوە، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ ئیسڕائیل، یەکێک لە بارمتەکانی ئێمەی ئازاد کرد، بەڵام لەبری ئەوەی بە ئاڕاستەی ئەمریکادا بڕۆین، حیساباتی هەڵەمان کرد و بووین بە مەکسیک، یەکێک لەو وڵاتانەی دۆناڵد تڕەمپ دەیەوێت لێی ڕزگار بێت.
دەشڵێت؛ پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل و سەرۆکەکانی ئەمریکا بەدرێژایی ساڵانێکە تێکچووە، بەڵام لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئەستەمە ئاماژە بە قۆناغێک بکەین کە ئەمریکا هەنگاوی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابێت و ئێمە ئاگادار نەبووبین، بەڵام ئێستا ترەمپ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە بەبێ ئێمە.
“بێ فەرمانی نوێ”، لە ژێر ئەم مانشێتەدا ئامۆس هارێل لە ڕۆژنامەی هارێتزدا نووسیویەتی:
هەر لە ڕێککەوتنی چەک و چۆڵ لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو تا ئامێزکردنەوە بۆ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا تا دەگاتە ڕێککەوتنی پێشنیارکراوی غەزە، سەردانەکەی تڕەمپ ئاماژەیە بۆ خاڵی وەرچەرخان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. وە ئیسڕائیل تا ئێستا لە پەراوێزدا ماوەتەوە.
ئەمە قۆناغێکی زۆر دراماتیکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێدەچێت لەدوای جەنگی دووەمی کەنداوەوە ئێستا گەورەترین گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا ڕووبدات. ئەمریکا سیستمی هاوپەیمانییەکەی دادەڕێژێتەوە، هاوکات هەوڵی چارەسەرکردنی چەند ناکۆکییەکی دێرین دەدات. سیاسەتی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕەمپ، ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی بازرگانی بەهێز و خۆبەزلزانە، بەڵام شەڕخواز نییە. پێدەچێت تڕەمپ ئەو وێنە ئاشتیخوازەی بەدڵ بێت کە لەم دواییانەدا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکە بۆی کێشراوە