یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پانێلێکی کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران، کە پێشکەشکارەکە ناسر کەنعانی، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بوو، ڕەخنەی لە جێبەجێ نەکردنی سیستەمی فیدراڵی عێراق گرت و گوتی: ئەگەر دەستووری هەمیشەیی عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بە دڵنیاییەوە زۆرینەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارە دەبن.
سەبارەت بە ناساندنی هەرێمی کوردستان و عێراقی دوای 2003، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: بەر لەوەی ئەمەریکییەکان لە ساڵی 2003 بێنە عێراق، هەرێمی کوردستان هەر هەبوو، ئەو کاتە ئەمەریکییەکان داوایان لە ئێمە کرد، کە عێراق بکرێتە وڵاتێکی دیموکرات و فیدراڵی، ئێمەش لە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن هاوکاریان بووین، هەربۆیە لە عێراق وا پێناسەی سیستەمی دەوڵەتدارییەکەی کراوە، کە فیدراڵی بێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئیستاش بەم سیستەمە نەگەیشتووین، چونکە عێراق هێشتا زۆر دوورە لە سیستەمی فیدراڵییەوە، ئێستاش مشومڕ و گفتوگۆکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق هەر لەسەر سیستەمی فیدراڵییە.
نێچیرڤان بارزانی جەختیشی کردەوە، ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە هەموومان لە سنوورێکی جوگرافی دەژین بەناوی عێراق، هەربۆیە دەبێت سیستەمێک پەیڕە و بکرێت کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت، شێوازی سیستەمەکەش لە دەستووری عێراق جێگیرکراوە و 80%ـی گەلی عێراق دەنگیان پێداوە. هەربۆیە ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەو بڕوایە داین، ئەگەر دەستووری هەمیشەیی عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆرینەی ئەو گرێیانەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن، دەکرێنەوە، بەڵام واقیعی ئێستای عێراق ڕوون و ئاشکرایە، کە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی حکوومەتێکی فیدراڵی نییە.
هەر لە قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، چەندینجار بە بەرپرسانی عێراقمان گوتووە، پێویستە بۆ چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە گفتوگۆ بکەین و بزانین لە چ خاڵێک کۆکین و دەتوانین ڕێککەوین، خودی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق شاهێدە، کە ئێستا لێرە دانیشتووە، هەربۆیە عێراق ئەگەر بییەوێت، پرسی سیستەمی فیدراڵی چارە بکات، دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکات.