زاگرۆس فەتاح
لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە، هەمیشە لە سەرۆكوەزیران كاك مەسرور بارزانییەوە گوێبیستی ئەوە بووین، كە كابینەكە گرنگی زۆر دەدات بە هەمەچەشنكردنی ئابووری و مەبەستیەتی كوردستان لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا گەشە بكات و بە تەنها پشت بە نەوت و بە یەك سەرچاوە نەبەستێت، لێرەدا بۆ خەڵكی كوردستان گرنگە كە بەتەواوی لێیان ڕوون بێت، ئایا ئەمە تەنها دروشم بوو، یان كابینەی نۆیەم بە دروستی و كارزانانە بەڵێنەكانی بەجێگەیاند و هەرێمی كوردستانی بردە قۆناغێكی تر؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە، جێبەجێكردنی دەیان پرۆژەی گرنگ لە بوارەكانی ڕێگاوبان و وزە و كارەبا و كشتوكاڵ و دروستكردنی سایلۆ… هتد، سەلمێنەری ئەوەن كە كابینەی نۆیەم كابینەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و جێبەجێكردنی پرۆژە ستراتیژییە گرنگەكان بوو.
لەم وتارەمدا، مەبەستم نییە، دەستكەوت و پرۆژەكانی كابینەی نۆیەم ڕیز بكەم و ئاماژەیان پێبدەم، چونكە خەڵكی كوردستان شاهێد و گەواهیدەری دەستكەوت و خزمەتەكانی كابینەكەن و هاوكات شاهیدی سەرجەم ئەو قەیران و ئالێنگارییە ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمیانەن كە كابینەی نۆیەم توانی ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستا و بە دیاریكراوی لە 12/5/2025ـدا، سەرۆكوەزیران كاك مەسرور بارزانی، بە فەرمی (پرۆژەی چیمەنتۆ و كارەبای دابین)ـی ڕاگەیاند، كە یەكێكە لە گرنگترین پرۆژە پیشەسازییە ستراتیژییەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق.
مەبەستمە لە چەند ڕووییەكەوە قسە لەسەر ئەم پرۆژە ستراتیژییە پیشەسازییە گرنگە بكەم:
یەكەم: بونیادنانی پرۆژەی پیشەسازیی گەورە لە كوردستان و عێراق كارێكی سەخت و ئەستەمە.
لای هەمووان ڕوونە، وڵاتانی پێشكەوتووی ئەورووپا و هەندێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا، پێشەنگ و پێشبڕكێكاری بواری پیشەسازیین و وڵاتانی ئەم ناوچەیە و بە تایبەت عێراق و هاوشێوەكانی لە بواری پیشەسازییدا دواكەوتوون و لە كاروان بەجێماون، ئەمە وایكردووە كە پێشكەوتن لە سێكتەری پیشەسازیی لەم ناوچەیەدا، كارێكی ئەستەم بێت، بەڵام خۆشبەختانە كابینەی نۆیەم لەم بوارەشدا دەستەوەستان نەبوو، ئەم پرۆژە ستراتیژییە گرنگەشی خستە سەر خەرمانی دەستكەوت و پێشكەوتنەكانی بۆ كوردستان.
ئەم پرۆژەیە؛ جگە لە ڕەخساندنی (1200) هەزار و دوو سەد هەلی كاری نوێ، (6300) شەش هەزار و سێ سەد تۆن چیمەنتۆ، ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت.
دووەم: ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان.
(پرۆژەی كارگەی چیمەنتۆ و كارەبای دابین)، لە لایەن كۆمپانیای (پاوەر چاینا) كە كۆمپانیایەكی هەرە گەورەی نێودەوڵەتییە، بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (دابین) كە كۆمپانیایەكی خۆماڵییە، بە بەهای زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار جێبەجێكراوە.
هاتنی كۆمپانیایەكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنانێكی وەها گەورە لە هەولێر، سەلمێنەری ئەوەیە كە دڵنیایی و متمانەیەكی نێودەوڵەتیی گەورە هەیە بۆ سەقامگیری هەولێر و هەرێمی كوردستان، ئاخر ئەم وەبەرهێنانەی كە ئەم كۆمپانیایە لەم پرۆژەیەدا كردوویەتی بە ساڵێك و دوو ساڵ گوژمەی پرۆژەكەی دەستناكەوێتەوە و دوای چەندین ساڵ كاركردن لە هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو پارەیەی دەستبكەوێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە وڵاتان و كۆمپانیا گەورەكانی جیهان، ستراژییانە و دوورمەودا مەبەستیانە لە كوردستان بن و كاری تێدا بكەن، متمانەیان بە حوكمڕانی ئێستای كوردستان و بەڵێن و بەرنامەكانی سەرۆكوەزیران هەیە و دەزانن كە كوردستان لە گەشەی بەردەوامدایە و چاویان لەوەیە كە هاوبەشیی بكەن لەو گەشەسەندنەدا.
بێگومان ڕۆڵی كۆمپانیای (دابین)ـیش وەك كۆمپانیایەكی كوردی خۆماڵی لەم وەبەرهێنانە گرنگەدا، زۆر بەرجەستە و گرنگە و جێگەی دەستخۆشی و پێزانینی زۆرە.
سێیەم: ژینگەپارێزی و گرێدانی لەگەڵ هەنگاوەكانی ئاوەدانی و پێشكەوتن.
گرنگیدان بە ژینگە و بنەمای ژینگەپارێزی، یەكێكە لە بنەما سەرەكی و پیرۆزەكانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی جەنابی سەرۆكوەزیران، سوورن لەسەر پاراستن و لەبەرچاوگرتنی بنەمای ژینگەپارێزی لەهەر پرۆژە و هەنگاوێكی پێشكەوتن و ئاوەدانیدا، هەر بۆیە، لە كاتێكدا كە پیشەسازیی چیمەنتۆ بەگشتی پیسبوونی ژینگەی لێدەكەوێتەوە، بەڵام لەم كارگەیەدا لە ڕێگای بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، فلتەری تایبەت دروستكراوە بۆ ئەوەی پاشماوە زیانبەخشەكان فلتەر بكرێن و كاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگەی كوردستان نەبێت.
چوارەم: سەركردەی لێهاتوو و كارزان.
ئەوەی لە پێشەكی و سێ خاڵی سەرەوەی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێدراوە، بێگومان سەركردە و حوكمڕانێكی كارزان و لیهاتوو و بە سەلیقەی لە پشتەوەیە و توانیویەتی وەك سەرۆكوەزیرانی كابینەی نۆیەم ڕابەرایەتیی ئەم دەستكەوت و پێشكەوتنانە بكات و بناغە و ژێرخانێك بۆ پیشەسازی و كشتوكاڵ و ئابووریی كوردستان بونیاد بنێت، زۆر لەوە دڵنیاین كە بە ڕابەرایەتیی كاك مەسرور بارزانی كابینەی دەیەم دەتوانێت ئەم ژێرخانە پیشەسازی و كشتوكاڵی و ئابورییەی خۆی بپارێزێت و بەهێزتری بكات و كوردستانمان هەمیشە ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بكات.