مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندكراوێكی تەمەن 20 ساڵان دوای چوار ساڵ مانەوە لە زیندان لە سێدارەدرا .
محەممەد ڕەزا سەبزی، خەڵكی شاری عەلیاوای مەلایەر لە پارێزگای هەمەدان، لە تەمەنی 16 ساڵان بە تاوانی (كوشتنی بە ئەنقەست) خرایە زیندان و كۆتا ڕۆژەكانی هەفتەی ڕابردوو لە تەمەنی 20 ساڵان سزای سێدارەی بەسەردا جێبەجێ كرا .
بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، تا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم مێردمنداڵە لە میدیاكانی نزیك لە حكومەت و دەزگای دادوەری ڕانەگەیەنراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ سزای سێدارەی لانی كەم پێنج منداڵی تاوانبار لە شارە جیاوازەكانی ئێران لەوانە میاندواو، شیراز، كرماشان، زاهیدان و یەزد جێبەجێ كراوە. ئەم پێنج بەندكراوە لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵ بووە و سزای سێدارەكەیان جێبەجێ كراوە.