زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆی سۆران دەڵێت: “سەیرە حكوومەتی عێراق هاوكارییەی بۆ وڵاتان دەنێرێت، بەڵام بۆچی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە سەرچاوەی بژێوییانە بەبێ كێشە نانێرێ و قەربووی قوربانیانی كیمیا باران و جینوسایدی وڵاتەكەی ناكاتەوە.
د. سانع شەریف، مامۆستا لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت : “وەك دیاربوو بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا بۆ پێشكەشكردنی ٢٠ ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری بۆ غەززە و ٢٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ لوبنان، لە كاتێكدا لەڕووی هاوكاری نێودەوڵەتییەوە دروستە، بەڵام پرسیارێكی جەوهەری دێتە پێش ئایا تا چەند حكومەتی عێراق قەرەبووی كەس و كاری قوربانیانی شاڵاوی ئەنفال و كیمیابارانی هەلەبجە تەنانەت هاوكاریشی پێشكەشیان كردووە، لەكاتێكدا وێڕای ئەوەی ئەم ڕووداوە تراژیدییانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەك كردەوەی جینۆساید ناسراون، بەڵام بەپێی دەستوور ئەوان هاووڵاتی عێراقین و ئەركە قەربووی كەس و كارەكانیان بكاتەوە”.
دەشڵێت: ” بەپێی مادەی ١١٢(١)و ١٣٢ دەستووری عێراق، حكومەت بەرپرسە لە قەرەبووكردنەوەی هەموو قوربانیانی تاوانەكانی ڕژێمی پێشوو كە بەرامبەر قوربانیانی ئەنفال و كیمیابارانی هەلەبجە كراوە. بۆیە ئەو هاوكارییەی حكومەتی عێراق بۆ دەرەوەی وڵاتی خۆی پێشلی ئەركە دەستووری وئەخلاقییەكانی ناوخۆی وڵاتە”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” حكوومەتی عێراق ئەم هاوكارییەی بۆ وڵاتان دەنێرێت، بەڵام بۆچی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە سەرچاوەی بژێوییانە بەبێ كێشە نانێرێ؟ بۆیە بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەی حكوومەتی عێراق لە چارەسەركردنی برینەكانی گەلەكەی خۆیەوە دەست پێدەكات نەك لەدەرەوی وڵاتەكەی. ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیكات دژی دەستوور و بنەما نێودەوڵەتیەكانیشە.


































































