مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
توێژینەوەیەكی نوێی ناسا ئاماژە بەوە دەكات كە كۆتایی هاتنی ژیان لەسەر زەوی بەهۆی شەپۆلێكی گەرمبوونی جیهانەوە دەبێت، چونكە پلەی گەرمی زەوی بۆ ئاستێكی بێ وێنە بەرز دەبێتەوە، هاوكات زانایان لە توێژینەوەكەدا ئەو ساڵەیان دەستنیشان كردووە كە تێیدا ژیان بە تەواوی لەسەر زەوی نامێنێت.
توێژەرانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكی (ناسا) بە هاوكاری توێژەرانی زانكۆی تۆهۆ لە ژاپۆن و بەكارهێنانی سوپەر كۆمپیوتەرەكان بۆ ژماردنی كاتی كۆتایی خەمڵێنراو بۆ ژیان لەسەر زەوی و پشت بەستن بەو زریانە خۆر بەستووە كە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا، كە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا توندترین گەردەلوولی خۆر بووە و گۆڕانكاری زۆر گەورەی لە بەرگەهەوای هەسارەكەدا كردووە و ڕایدەگەیەنن “كۆتایی ژیان لەسەر زەوی لە ساڵی 1,000,002,021 ڕوو دەدات، بەڵام دۆخەكە زووتر لەوە مەترسیدار دەبێت بۆ ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی، واتە بارودۆخی ژیان وردە وردە قورستر دەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان كە لە ئەنجامی گۆڕانی كەشوهەوا دروست دەبێت.”
لە توێژینەوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە “خۆر لە كۆتاییدا كارەسات بەسەر هەسارەكەماندا دەهێنێت. ملیۆنان ساڵە دەسووتێت و لەگەڵ پێشكەوتنی لە سووڕی ژیانیدا پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە.” زانایان دەڵێن “لە ساڵانی داهاتوودا بەرهەمهێنانی وزە لە خۆرەوە زیاد دەكات و دەگاتە ئاستێك كە بە خێرایی دەست دەكات بە گەرمكردنی هەسارەكانی ناو كۆمەڵەی خۆر.”
زانایان ئاشكراشی دەكەن كە زەوی لە ئێستاوە ئەم نیشانانە بە خۆییەوە دەبینێت بەو پێیەی خۆر لە چەند مانگی ڕابردوودا لەڕادەبەدەر چالاك بووە و زیادبوونی دەردانی بارستەی تاجە و تیشكی خۆر و پەڵەی خۆر دەیسەلمێنێت كە هەسارەكەمان بە گۆڕانكارییەكدا تێ دەپەڕێت.
دەشڵێن “لەگەڵ زیادبوونی گەرمای خۆر، هەسارەكە بەدەست كەمی ئۆكسجین دەناڵێنێت و پلەكانی گەرما دەست دەكەن بە بەرزبوونەوە و كوالێتی هەوا تێك دەچێت و لەو كاتەوە گۆڕانكارییەكان دەست پێ دەكات.”
وەك لە توێژینەوەكەدا هاتووە “زانایان و پسپۆڕان كار لەسەر چارەسەرەكان دەكەن بۆ ڕزگاركردنی زەوی. بەڵام هەندێكی دیكە پێیان وایە كە ڕزگاركردنی زەوی مومكین نییە و چاویان لە دامەزراندنی كۆلۆنی مرۆڤەكانە لەسەر هەسارەكانی دیكە بە تایبەتیش مەریخ.”