ئەمڕۆ هەینی، 16-5-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کۆماری ئیسلامی “هیچ پێشنیارێکی نووسراوی لە ئەمریکاوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەدەست نەگەیشتووە”.
عێراقچی زیاتر نووسیویەتی: ئەو پەیامانەی ئێمە و جیهان پێمان دەگات، بەردەوام سەرلێشێواو و دژ بەیەکن. بەڵام هەڵوێستی ئێران بەپتەو و ڕوونی ماوه، ڕێز لە مافەکانمان بگرن و کۆتایی بە سزاکان بهێنن ” لەو حاڵەتەدا ڕێککەوتنێک دەبێت”.
گووتیشی: هیچ سیناریۆیەک نییە ئێران دەستبەرداری مافی پیتاندنی بێت بۆ مەبەستی ئاشتیانە، کە بە سەختی بەدەست هاتووە.
“ئێمە هەمیشە پێشوازی لە گفتوگۆ دەکەین لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و هەمیشە هەر جۆرە قسەی ناشرین ڕەتدەکەینەوە.” وەزیری دەرەوەی ئیران وای گوووت.
پێشتر عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو کە “لە بەرامبەر هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلامی پابەند دەبێت بەوەی هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەهەرم نەهێنێت و وازهێنان لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و ڕێگەدان بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردنی پیتاندن و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران”. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، دوای کۆتایی هێنان بە گەشتێکی چوار ڕۆژە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ڕۆژنامەنووسانی پشتڕاست کردەوە کە ئەمریکا پێشنیارێکی فەرمی بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی داوە. هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئێرانی ڕایگەیاندووە، عومان پێشنیاری ئەمریکای سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێگەیشتووە و بەم نزیکانە ڕادەستی تاران دەکات.
































































