محەممەد هادی ساڵح، بانگخوازی لوبنانی و نزیک لە گروپی حزبوڵڵا، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرا. ئەم هەواڵە بۆ یەکەمجار لە سەرەتای مانگی ئایاردا لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە، بەڵام میدیاکانی نزیک لە حزبوڵڵا لەوان (ناسر نیوز) تۆمەتەکەیان ڕەتکردەوە و محەمەد هادی ساڵحیان بە قوربانی “خراپکردنی دارایی” ناوبرد. بەڵام ڕۆژی هەینی ١٦ی ئایار، چەند سەرچاوەیەک وێنەی ئەو ئیمەیڵانەیان بڵاوکردەوە کە لە نێوان محەمەد هادی ساڵح و ئەندامێکی نەناسراوی مۆساد ئاڵوگۆڕ کرابوون.
هەروەها (سکای نیوز عەرەبی) بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی خۆی پشتڕاستی کردەوە کە ئەم کەسە ٢٣ هەزار دۆلار هاوکاری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی کردووە و پێدەچێت بەشدار بووبێت لەو ئۆپەراسیۆنانەی بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی لوبنانی. بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای نیوز، ناوبراو سەرەتا لە پەیوەندی لەگەڵ دەستخستنی سەروەت و سامانی نایاساییدا دەستگیرکراوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی بەدەستهێنانی پارەکە، پەیوەندییەکەی بە مۆسادەوە دەرکەوتووە.
هەندێک سەرچاوەی نزیک لە حزبولڵا ئەمڕۆ هەینی ڕەتیانکردەوە، ساڵح ئەندامی ئەو گروپە بێت و وەک ئەندامی خێزانی بنەماڵەی بەرپرسێكی حزبولڵا ناساندیان. ئەمە لە کاتێکدایە لە وێنانەی محەمەد هادی ساڵح لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، شانبەشانی ئەندامانی پلە مامناوەندی ئەم گرووپە چەکدارە دەبینرێت. ڕۆژنامەی ئینتێبکا هەروەها بە “کوڕی ئەندامێکی یەکەی ڕادوانی حزبوڵڵا” ناساندووە کە مێژوویەکی هەیە لە ستایشکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی گروپەکەدا.