کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک لە پێشەنگی لیستی وەرزشوانانی فۆربێسدا ماوەتەوە کە زۆرترین مووچەیان پێدەدرێت، تایسۆن فیوریش سەرەڕای شکستی دووەمی بەرامبەر ئۆلیکساندر ئوسیک، بۆ پلەی سێیەم بەرزبووەتەوە.
ڕۆناڵدۆ کە لە خولی پیشەگەری سعودیە یاری بۆ یانەی نەسر دەکات و ڕایگەیاندووە، دوای وازهێنانی بەنیازە ببێتە خاوەنی چەندین یانەی تۆپی پێ، کۆی داهاتی مەزەندەکراوی بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار زیادکردووە بۆ 275 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە نزیکەی 206 ملیۆن پاوەند.
لە بەرامبەردا فیوری بەهەمان شێوە بە داهاتی 146 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 109 ملیۆن پاوەند) لە لیستەکەدا سەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەی لە یارییەکەی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بەرامبەر ئوسیک جارێکی دیکە دۆڕا بۆ بەدەستهێنانی نازناوی کێشی قورس.
هەروەها داهاتی فیوری لە ڕێگەی بەرنامەی تەلەفزیۆنی واقیعی نێتفلێکس و هاوبەشییەکەی لەگەڵ پیشەسازی گەشتیاری ماڵتا زیادی کردووە.
یەکێکی دیکە لە کەسایەتییەکان کە سەرکەوتووەتە سەر لیستەکە، ستیڤن کاری ئەستێرەی یانەی گۆڵدن ستەیت واریرزە، کە بۆ پلەی دووەم بەرزبووەتەوە و یەکێکە لە سێ ئەستێرەی NBA لە لیستەکەدا، هەروەها لیبرۆن جەیمس و کیڤن دورانت لە 10 باشترین ئەستێرەکاندان.
داهاتی ڕۆناڵدۆ لەدوای بڵاوبوونەوەی لیستی فۆربێسەوە سێیەم داهاتە و تەنها فلۆید مایوێزەر یاریزانی پێشووی بۆکسێنی پاڵەوانی جیهان داهاتی زیاتری بەدەستهێناوە، داهاتی ڕۆناڵدۆ لە ساڵی 2015دا 300 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە کە ئەوکاتە 194 ملیۆن پاوەندە و لەساڵی 2018دا 275 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە کە ئەوکاتە 205 ملیۆن پاوەندە.
ئەو ١٠ وەرزشوانانەی کە زۆرترین مووچەیان لە جیهاندا هەیە لە ساڵی ٢٠٢٥دا:
1- کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، تۆپی پێ: 275 ملیۆن دۆلار (206.6 ملیۆن پاوەند)
2- ستیڤن کاری، تۆپی باسکە: 156 ملیۆن دۆلار (117.2 ملیۆن پاوەند)
3- تایسۆن فیوری، بۆکسێن: 146 ملیۆن دۆلار (109.7 ملیۆن پاوەند)
4- داک پرێسکۆت، تۆپی پێی ئەمریکی: 137 ملیۆن دۆلار (103 ملیۆن پاوەند)
5- لیۆنێل مێسی، تۆپی پێ: 135 ملیۆن دۆلار (101.4 ملیۆن پاوەند)
6- لێبرۆن جەیمس، تۆپی باسکە: 133.8 ملیۆن دۆلار (105.5 ملیۆن پاوەند)
7- خوان سۆتۆ، بیسبۆڵ: 114 ملیۆن دۆلار (85.7 ملیۆن پاوەند)
8- کەریم بنزیمە، تۆپی پێ: 104 ملیۆن دۆلار (78.2 ملیۆن پاوەند)
9- شوهی ئۆهتانی، بیسبۆڵ: 102.5 ملیۆن دۆلار (77 ملیۆن پاوەند)
10- کیڤن دورانت، تۆپی باسکە: 101.4 ملیۆن دۆلار (76.2 ملیۆن پاوەند)