زاری كرمانجی-سۆران
لە ئەنجامی كنە و پشكنینی شوێنەوارناسانی زانكۆی ئۆتۆنۆمۆسی بەرشلۆنەی ئیسپانی، بەهاوكاری شوێنەوارناسە ناخۆییەكان، لە ئەشكەوتی پڵنگان لە سنووری ناحیەی سرێشمە سەربە قەزای خەلیفان، چەندین پاشماوەی بەردین و ژیانكردنی مرۆڤی كۆن دۆزرایەوە.
عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: ” لە ئەنجامی كنە و پشكنینی شوێنەوارناسانی زانكۆی ئۆتۆنۆمۆسی بەرشلۆنەی ئیسپانی بەهاوكاری تیمەكانمان، لە ئەشكەوتی پڵینگان لە سنووری ناحیەی سرێشمە سەربە قەزای خەلیفان، توانیوومانە سێ چینی شوێنەواری بدۆزینەوە، یەكێكیان دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی چاخی بەردینی كۆن و دەسپێكی چاخی بەردینی ناوەڕاست، واتە نزیكەی 10 تا 20 هەزار ساڵ بەر لەئێستا، چینەكەی دیكە كە پێی دەوترێت چاخی بەردینی نوێ بۆ 6 تا 8 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، چینی سێیەم دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بڕۆنز دوو هەزار و پێن سەد بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر”.
بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: “دۆزینەوەی ئەم چەند چینە لەگەڵ چەندین پارچە بەردین، بۆچوون لەوە دەكەن كە مرۆڤ بەر لە هەزاران ساڵ لەمەوبەر ژیانكردنی چۆن بووە، لە قۆناغی ڕواكردن و ژیان كردن لە ئەشكەوت و دواتر شۆڕشی كشتوكاڵی، كاری كنەو پشكنینەكانمان لەو ئەشكەوتە بەردەوامی دەبێت، پێشبینی دەكەین لە وەرزێكی نوێی پشكنیندا لە دەووروبەری ئەشكەوتەكە نیشنگەیەكی كۆن بدۆزینەوە لەگەڵ گەیشتن بە دەرئەنجام و زانیاری نوێتر.