کرێملین ڕایگەیاند کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بەشداری دانوستانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی تورکیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ناکات. ئەم گووتووێژانە یەکەمین دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیایە لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵدا.
زێلێنسکی پێشتر لەم گووتووێژانەدا پوتینی بانگهێشتی کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی کردبوو. هەروەها پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هانی کرێملینی دابێت بۆ ئەوەی بێنە سەر مێزی دانوستان.
دوای چەند ڕۆژێک لە بێدەنگی، شەوی رابردوو (چوارشەممە) کرێملین تیمی دانوستانکاری خۆی ناساند. شاندەکەی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر مەدینسکی ڕاوێژکاری پوتین و وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری كە لە دانوستانەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا بەشدار بوو دەبێت.
بەرپرسانی وەک سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی کرێملین کە پێشتر لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەشدار بوون، لە لیستەکەدا نین.
زێلێنسکی لە کاردانەوە بە نەبوونی ناوی پوتین لە لیستی بەشدار بووانی كۆبوونەوەكە گووتی: ئامادەنەبوونی پوتین نیشانەیەکی ڕوونە بۆ نەبوونی خواستی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی”. ئاماژەی بەوەشکردووە” چاوەڕێی ئەوەم بزانم کێ لە ڕووسیاوە دێت؛ دواتر بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی ئۆکرانیا دەدەم”.