“ئەو دیاردەیە كاریگەری خراپ لەسەر ئایندەی منداڵ دروست دەكات”
ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤ، قەدەغەكراوە منداڵ و مێرمنداڵ كاری پێ بكرێت، كەچی لە زۆربەی شەقام و شۆستەكان و بازاڕەكانی شار و شارۆچكەكان منداڵان سەرقاڵی كار كردنن، زۆرجاریش سواڵیان پێ دەكرێت.
توێژەران و پسپۆرانی مافی مرۆڤیش، كاركردن و سواڵكردن بە منداڵان بە كارێكی مەترسی ناودەبەن و بە پێویستی دەزانن، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرە كەسانە بكەن، كە ئایا هۆكاری چییە لەلایەن خێزانەكانیانەوە كار بەو منداڵانە دەكرێت، یان كەسێكی دیكەیان لە پشتە یان خۆیان بەو جۆرە كارانەوە گرتووە”.
ئەسما عەبدوڵڵا، تۆێژەری كرمەڵایەتی، بە زاری كرمانجی گووت: زۆرجار دەبینین لەسەر شۆستە و شەقامە گشتییەكان، منداڵان لە تەمەنێكی بچووكەوە سەرقاڵی فرۆشتنی كەل و پەلن، یان لە شوێن و فرۆشگا و ناوچەی پیشەسازی كاریان پێدەكرێت، لە هەمووشیان مەترسیدارتر بەكارهێنانی منداڵە لەلایەن گەورەكان و ئەندامانی خێزانەكان بۆ سواڵكردن، لەناو بازاڕ و بەردەم مزگەوت و شوێنە گشتییەكان، هەندێك جار دیاردەی وابەرچاو دەكەوێت ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت، كاتێك دەبینێت منداڵێكی بچووك لەبەر گەرما یان شیرە خۆرێك لە باوەشی دایكی لەسەر شەقامێك سواڵی پێدەكرێت”.
ئەوەش دەخاتەڕوو:”جگە لەوەی ئەو ئافرەت و منداڵانە ئازاری زۆر دەچێژن بۆ كۆكردنەوەی بڕە پارەیەك لە هەمانكاتیشدا تووشی چەندین تانەی خەڵكی دەبنەوە و مەترسی ئەوە هەیە دەستدرێژیان بكرێتە سەر، یان لە پەنای سواڵكردن ڕوو لە كارێكی خراپ بكەن، هەرچەندە هەوڵی زۆریش دراوە بۆ ڕێگری كردن لەو جۆرە كەسانەی ڕوو لە سواڵكردن دەكەن، بەڵام چونكە گەورەكانیان لە منداڵییەوە لەو كارە ڕاهاتوون لەوانەیە وازهێنانی ئاستەم بێت”.
ئەو توێژەرە بە پێویستی دەزانێت: ئەو منداڵانەی لەسەر شەقام كاردەكەن، یان سواڵیان پێ دەكرێت، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی تەواویان لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەوانە خەڵكی كوێن و بۆچی پەنا بۆ ئەو كارە دەبەن، چونكە زۆرجار دەبینین خەڵكی بیانی یان شارێكی دیكە پەنا بۆ ناوچە و شار و شارۆچەكەیەكی دیكە دەبات بۆ سواڵكردن و كاركردن بە منداڵ، كێ ناڵێت بەشێك لەوانە بازرگانیان پێ دەكرێت، یان هەندێكیان بژێوی ژیان ناچاری كردوون ئەم كارە بكەن.
لای خۆیەوە نیهاد ساڵح سۆفی، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: كاركردنی منداڵان لەسەر شەقام یان سواڵكردن، یان هەر كارێكی دیكە كە بەپێی یاساكانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ قەدەغەكراو بێت پێویستە ڕێگری لێ بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستە چەند هەنگاوێك بگیرێتەبەر، ئایا هۆكار چییە ئەو جۆرە كەسانە پەنا بۆ ئەم جۆرەكارانە دەبەن یان منداڵ بەكاردەهێنن، لە كاتێكدا كاریگەری خراپ لەسەر ئایندەی منداڵەكە دروست دەكات”.
دەشڵێت:”ئەركە لەسەر دایك و باوك و بەخێوكارانی منداڵەكان درك بەوە بكەن، كە دیاردەی سواڵكردن یان كاركردن لەسەر شەقام بە منداڵ كارێكی هەڵەیە و كاریگەری خراپ لەسەر داهاتوویان دروست دەكات، نەك لەپێناو بەدەستهێنانی بڕەپارەیەك بەم شێوەیە بەكاریان بهێنن، لەكاتێكدا زۆرجار بینیومانە سواڵكەران دەستبەسەر كراون و بەڵێنامەشیان لێوەرگیراوە، كەچی وەك ئەوەی خۆیان بەو جۆرە كارانەوە گرتبێت دووبارە پەنای بۆ دەبنەوە”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، گووتیشی: “ئەو دیاردەیە لە زۆربەی شار و شارۆچەكەكان بوونی هەیە تەنانەت لە وڵاتانیش بەرچاو دەكەوێت، بۆ ئەمە تەنها دەستگیركردن و بڕیاری قەدەغەكردنی بەس نییە، بەڵكو پێویستە باوەڕ بە كەس و كاریان بهێندرێت كە لە چەندین ڕووەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئایندەی منداڵەكانیان دروست دەكات.