ئەڤین بارزانی
بێگومان ئێستا گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژەڤی هەموو هێزە سیاسییەکان و تەنانەت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندایە. لێرەدا، دەمەوێت بڵێم بۆچی وەک هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان، بۆ من گرنگە کابینەی نوێ زوو دابمەزرێت.
خاڵی یەکەم و زۆر گرنگ، ئەگەر سەیری چەند ساڵی ڕابردوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێت یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورە. سەرۆک بارزانیش پێش هەڵبژاردنەکان چەندین جار ڕایگەیاند کە دەبێت یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی خولی نوێی پەرلەمان نووسینی دەستوور بێت. واتە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورە تاکو زۆربەی کێشەکان کە بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دروست دەبن، لە ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر بکرێن. هەموومان بینیمان بەهۆی نەبوونی دەستوورەوە کاتێک دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانی دا، چەند کێشەیەک بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان دروست بوون.
خاڵێکی گرنگی دیکە، بە پێکهێنانی کابینەی نوێ، گۆڕانکاری بەرچاو لە پێکهاتەی حکومەتدا دروست دەبێت. هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی خزمەتگوزاری باشترن. بێگومان دەبێت ئەو ڕاستییەش لە بیر نەکەین کە سەرەڕای گەلێک ئاستەنگ، کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی توانی کاری باش و گەورە ئەنجام بدات، بەڵام خەڵکی کوردستان چاوەڕێی خزمەتگوزاری زیاترە و ئەوەش ئەرکی حکومەتە. بۆیە پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ خزمەتی باشتر.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا گەلێک بەڵێنیان بە خەڵک داوە و ئێستا خەڵک چاوەڕێن هەردوو هێزە گەورەکەی کوردستان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، دەست بە قۆناغێکی نوێی ئاوەدانی و باشکردنی ژیانی خەڵک بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر بکەین، ئێستا ناوچەکەمان بەرەو گۆڕانکاری زۆر گەورە دەچێت. ئاڵۆزییەکانی سووریا، ئێران و گۆڕانکارییەکانی تورکیا کاریگەری گەورەیان لەسەر عێراق و بەتایبەت لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. بۆیە زۆر گرنگە هەرێمەکەمان کابینەی نوێی خۆی بێت و لە بەرامبەر بەغدا و هەر لایەنێکدا یەکگرتوو بن و پێکەوە کار بکەن. بەڕاستی، دەبێت هەموومان ئەو قسەیەی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەینە بناغە بۆ کابینەی نوێی حکومەت، کە پێشتر گوتبووی دەبێت لە هەرێمی کوردستان یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگەمان هەبێت.
لە کۆتاییدا، وەک هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان دەمەوێت بڵێم پێویستە کابینەی نوێ زوو پێکبهێنرێت، چونکە ئەوە کاریگەری باشی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبێت، بەتایبەت کاریگەری لەسەر باری ئابووری دەبێت. هەروەها بە کابینەیەکی نوێ و یەکگرتوو، هەرێمی کوردستان بەهێز دەبێت و زیاتر کار بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیان دەکات، چونکە نابێت لەبیرمان بچێت ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیش ئەنجام دەدرێن.