مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ئیمروزی فارسی، ئێران كار لەسەر لابردن و سڕینەوەی چوار سفر لە سەر دراوی تمەن دەكات، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵاوسانی بەردەوام و كەمبوونەوەی بەهای دراوی نیشتمانیی وڵاتەكەی بكات.
لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە هاتووە “كێشەی وەك بەكارهێنانی ژمارەی گەورە لە مامەڵە ڕۆژانەكان و لەدەستدانی ناوبانگی دراوەكە بەراورد بە دراوەكانی تر دروست بووە و بووەتە هۆی زیادبوونی بەكارهێنانی پارەی كاغەز و بێ بەها بوونی دراوی نیشتمانی،”
جەخت لەوەش دەكاتەوە “بە جێبەجێكردنی پلانی كەمكردنەوەی چوار سفر لە دراوەكە، جگە لە باشتركردنی ڕۆڵی دراوەكە لە سیستەمی پارەداندا، بەشێك لە كێشەكان كەم دەبنەوە. هەرچەندە ئابووریی ئێران تووشی هەڵاوسانی زۆر بووە و بەهای دراوەكەی زۆر دابەزیوە.”
كەمكردنەوەی سفرەكان هەر وەكوو لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیمروز هاتووە “ئاسانكاری دەكات بۆ مامەڵەی پارەی كاغەز، تێچووی چاپكردن كەم دەكاتەوە و كاریگەریی دەروونی دەبێت.”