مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا داچاندنی گەنمەشامی قەدەغە كرد و ڕایدەگەیەنێت “بە هۆی كەمی ئاوی ژێر زەوی، ئەمساڵ داچاندنی گەنمەشامی قەدەغەیە، لەبەر ئەوەی گەنمەشامی ئاو و كارەبایەكی زۆری دەوێت.”
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـى ئایاری 2025، ڕاگەیاند “بەهۆی كەم بارانی و كەمی ئاوی ژێر زەوی، ئەمساڵ داچاندنی گەنمەشامی قەدەغەیە.”
دەشڵێت “گەنمەشامی ئاو و كارەبایەكی زۆری دەوێت، ئەمساڵ ئەگەر كێشەی كارەباشمان پێ چارە بێت، كێشەی ئاومان پێ چارە نابێت.”
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەرهەمەكە ڕێژەیەكی زۆر ئاوی دەوێت و داواش لە جووتیاران دەكات ئەمساڵ لە جیاتی گەنمەشامی، بەرهەمی سەوزە و میوە بچێنن .