بەكر كەریم حەسەن، ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
(ئەسكەندەری مەقدۆنی) گەورە پادشای مەقدۆنی كە بە ئەسكەندەری گەورە ناسراوە دەڵێ “قەرزاری دایك و باوكم، كە ژیانیان بۆ دەستەبەر كردم، بەڵام قەرزاری مامۆستاكەمم كە ژیانێكی نوێی بۆ دەستەبەركردم”.
مامۆستایەتی و پیشەی مامۆستا هەر تەنها ناوەستێتە سەر فێركردنی قوتابی، بەڵكو مامۆستایەتی پیشەیەكە زۆرترین و فراوانترین مانای هەیە و هەر بە نەمری دەمێنێتەوە و لە یاد ناكرێت تا مێژووی مرۆڤایەتی بمێنێت. هەر یەكێك لە ئێمە هەموو ئەوانەی فێرە خوێندن و نووسین بووین و یانیش قۆناغەكانی خوێندنمان بڕیوە دەیان مامۆستا و بگرە زیاترمان ناسیوە و هەریەك لەو مامۆستا بەرێزانە كە لە ژیانی فێركردن لە قوتابخانە ناسیومانن كۆمەڵێك شتی باش و بە سوودیان فێركردین، چەندەها گۆشە نیگا و سەرنجی جۆراوجۆریان لە ئەنجامی ئەزموونیان بە ئێمە بەخشی و هەر تەنها زانیاری و زانستی بابەتەكانیان فێرنەكردووین، بەڵكو فێریان كردووین چۆن ڕاستی لە چەوتی جیا بكەینەوە و باش لە خراپە فێریان كردووین چۆن ڕێگای ڕاست و دروست هەڵبژێرین، چونكە بە ڕاستی مامۆستا سەركردەیە بۆ ناساندنی ژیان و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی گەورە و قورس، مامۆستا خاوەن چاكەی هەرە گەورەیە لەسەر قوتابییەكان و لەسەر كۆمەڵگە بە گشتی، بۆیە هەموومان قەرزاری مامۆستاكانی خۆمانین، هەر مامۆستایەك بەشێكە لە ژیانی قوتابییەكان بۆیە پیشەی مامۆستایەتی پیشەیەكی پیرۆزە و لە هەموو پیشەكانی تر بە نرخترە، چونكە سەرجەم پیشەكانی تر لە نێو دەستی مامۆستا دروست دەبن و مامۆستا كۆمەڵگە بنیات دەنێت.
دەگێڕنەوە (مامۆستایەك یەكێك لە قوتابییەكانی بانگ دەكات بۆ ژوورەكەی خۆی پێ دەڵێت تۆ تەنیا قوتابی پۆڵیت كە دەرنەچوویت لە تاقیكردنەوەكان تەنها (9) نمرەت هێناوە قوتابیەكەش بە خەجاڵەتێكەوە بە مامۆستاكەی گوت” مامۆستا دەكرێت یەك نمرەم پێ بدەیت؟ مامۆستاكەش بە شێوەیەكی دایكانە گوتی ببوورە كوڕم ناكرێت نمرەت پێ بدەم بە ئەندازەی ئەوەی لە كاغەزەكە نوسیوتە نمرەم پێداویت، بەڵام نیگەران مەبە لەبەر ئەوەی نمرەی كەمت هێناوە من سەركۆنەت ناكەم، بەڵام پێویستە لە تاقیكردنەوەی داهاتوو هەوڵی زیاتر بدەیت و نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت، قوتابییەكەش گوتی ئاخر دایكم لێم تورە دەبێت، مامۆستاكە كە ئارەزووی دایكان و باوكانی درك دەكرد كە دەیانەوێت منداڵەكانیان نمرەیەكی باشتر بەدەست بهێنن و سەركەوتووبن، بەڵام دەشیزانی لێدان و توڕەیی لە منداڵەكان هیچ هاوكارییەكی منداڵەكانیان ناكەن، ڕەنگە كاریگەری خراپ و نەرێنیشی هەبێت لە سەریان، مامۆستاكە بە قوتابییەكەی گوت من تەنها دەتوانم لەم كاغەزەی تاقیكردنەوەكەت یەك نمرە زیاد بكەم، بەڵام لە تاقیكردنەوەی داهاتوو تۆ دەبێت دوو نمرە بەمن بدەیتەوە ڕازیت؟ قوتابیەكەش بە دڵخۆشیەوە سوپاسی مامۆستاكەی كرد و بە پێشنیارەكەی ڕازی بوو قوتابییەكە بۆ ئەوەی لە تاقیكردنەوەكەدا نمرەیەكی باش بەدەست بهێنێت هەوڵێكی زۆری دا بەڵێ لە تاقیكردنەوەكەدا نمرەی زۆر باشی بەدەست هێنا لەلایەن قوتابخانەكەیەوە خەڵاتی پێ بەخشرا ئەو هەمیشە ئەم چیرۆكە بۆ دۆست و هاوڵەكانی دەگێڕێتەوە ئەو نمرەی مامۆستاكەی بە قەرز پێیدا چارەنووسی ژیانی گۆڕی، ئەو قوتابییە منداڵە ئێستا یەكێكە لە 20 دەوڵەمەندەكەی جیهان (لی كاشی نگ) سەرۆكی گەورەترین كۆمپانیای خستنەڕووی بەرهەمی تەندروستی و جوانكارییە، ئامانج لەم چیرۆكە مامۆستای بەرێز شێواز و هەڵسوكەوتی تۆ كاریگەری لەسەر قوتابی بەجێ دەهێڵێت ئەگەر وەكو مامۆستاكەی لی كاشی نگ ڕەفتار بكەن كاریگەری ئیجابیتان دەبێت لەسەر داهاتووی قوتابییەكان و بە پێچەوانەشەوە، دایكان و باوكانی بەرێز لێدان لە منداڵ لەسەر دەرنەچوون هیچ سوودێكی پێ ناگەیەنێ جگە لە تێكدانی دەروونی ئەو منداڵە، قوتابییانی بەرێز هیچ كات نائومێد مەبن دەكرێت داهاتووی ئەم كۆمەڵگەیە لەسەر دەستی ئێوە بنیات بنرێتەوە.