” زۆرجار زەمكردن لە جیاتی پەلاماری جەستەیی بەكار دەهێندرێت”
” بە خراپە باس كردنی كەسی دیكە بۆ خۆ بردنە پێشە”
” ئاشكرا بوونی دوو ڕوویی مرۆڤ قێزەوون دەكات”
باس كردنی كەسانی دیكە بە خراپە، یا داتاشینی تۆمەت لە پێناو ناشیرین كردن و خۆ بردنە پێش رەفتارێكە لە نێو بەشێكی بەرچاوی تاكەكان هەیە، ئەمەش لە نێو كۆمەڵگەكان بە هۆی كولتووریانەوە جیاواز هەیە و بە هەمان ئەندازەش كاریگەری دەبێت.
ئەڤین موراد، كۆمەڵناسە، ئەو پێوایە ئەم بابەتە پەیوەندی بە پەروەردە و هەندێك جاریش باری گوزەرانەوە هەیە و دەڵێت” ئەم كردەوەیە لە نێو ژنان و پیاوان هەبووە و هەیە، تا ژیانیش مابێت بەردەوام دەبێت، بەڵام بە شێوازی جیا كە پەیوەندی بە ئاستی رۆشنبیری تاك و پەروەردەی خێزانی، زۆرجاریش بۆ باری گوزەرانی خەڵكەوە دەگەرێتەوە”.
ئەو كۆمەڵناسە روونكردنەوەیزیاتر دا و گووتی ” ژن و پیاو لە ساتەوەختی لەدایک بوونیان جیاوازن، سەرچاوەی ئەم جیاوازیانە کرۆمۆسۆمێکی جیاوازە، كە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم جیاوازییە بچووکە گەورەتر دەبێت، کوڕەکان دەبنە پیاو، کچە بچووکەکانیش وەك خانم دەردەكەون. بەپیی دواین توێژینەوەكانی پێکهاتە و کارکردی مێشکی ئەم دوو گرووپە جیاوازە، بۆیە شێوازی ژیان و بەرژەوەندییەکانیان جیاوازە.
ئەوەی ڕوونە ژنان زیاتر لە پیاوان قسە و قسەڵۆک دەکەن، تەنانەت ئەگەر لە ڕاستیدا پشتڕاستکەرەوەش نەبن، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەوان زیاتر مەیلیان بۆ ئەم کارە هەیە لە پیاوان”.
هەندێك لە ئافرەتان هۆكاری قسە هینان و بردنی بۆ لاوازی هێزی جەستەی مێینە بۆ رووبەڕووبوونەوە دەگرێنەوە و دەڵێن لە جیاتی شەڕە بۆكس، شەڕە قسە و شكاندنی كەسایەتی لەگەڵ یەكتر دەكەن، سۆزان كەریم، دەرچووی بەشی دەروونناسییە ئەو لەمبارەوە گووتی” باسكردنی ئەوی دیكەی ناحەز ڕێگەیەکی ژنانەیە بۆ دوژمنایەتیکردن، پیاوان ڕاستەوخۆ دوژمنایەتی نیشان دەدەن. هەر لە منداڵییەوە لە ڕێگەی شەڕ و لێدان (هەندێکجار بەبێ هۆکار) پەلاماری یەكتری دەدەن و كوڵی دڵیان بەسەر یەكتردا درێژن. بەڵام ژنان شێوازی ناڕاستەوخۆیان پێ باشترە، واتە لەبڕی ئەوەی هێرش بکەنە سەر کەسێک و توندتیژی جەستەیی لێ بکەوێتەوە، کار لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەکەن بۆ ناشیرین كردن، لێدان و ناوزڕاندن، ئەمەش بە تایبەت کاتێک روودەدات كە بە هەموو شێوەیەک کێشەیان لەگەڵ ئەوی دی هەبێت، ئیتر دەست دەکەن بە قسە و باس، هەوڵی جددی دەدەن بۆ گۆڕینی بۆچوونی کەسانی دیکە سەبارەت بە ركابەرەكەیان، لەوێشەوە باسی کارە خراپەکانی دەکەن و دەیانەوێت وا لە دەورووبەریان بکەن لەگەڵیان هاوڕا بن، بۆ سەرگرتنی ئەم مەبەستەشیان تەواوی رێگاكان تاقی دەكەنەوە، ئەمەش هەستی سەرکەوتنیان پێ دەبەخشێت، چونکە دەیسەلمێنێت ئەو باشە و لایەنی بەرامبەر خراپ”.
هەندێك لە تویژەرانی بواری كۆمەڵناسی پێیان وایە ئەم دیاردەیە هەر لە منداڵییەوە لە نێو كچان سەر هەڵدەدات و ئەگر زوو پێشی پینەگیرێت، وەك خوی لێدێت، ژووان مەولوود حاجی، لەمبارەوە روونیكردەوە ” کچان هەر لە تەمەنی منداڵیدا ئەم شێوازە بەکار دەهێنن، بۆ نموونە کاتێک لە کەسێک توڕە دەبن، داوا لە باقی هاوڕێکانیان دەکەن لە كەسی مەبەست دوور بكەونەوە، قسە یا یاری لەگەڵ نەكەن و لێی توڕە ببن، چاوەڕوانییەکی زۆریشی لە هاوڕێكانی هەیە کە لە کاتی سەختی و تەنیایی لە تەنیشتی بوەستێت، ئەویش وای نیشان دەدات لە هەموو دۆخێكدا پشتی دەگرێت، بەم شێوەیە رازی دەكات هاورا بێت لەگەڵی بۆ ئەوەی لە رووی كەسێتییەوە لە مرۆڤی بەرامبەر بدەن”.
ژووانی كۆمەڵناس لەمبارەوە زیاتر قسەی كرد و گووتی ” ئەگەر زوو لە رێگەی خێزانەوە رێگە بەم رەفتارەی كچان نەگیرێت، وەك خوی لێدێت و تا كۆتایی تەمەن لەگەڵی دەمێنێتەوە، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا، بۆ ئەوەی ژنان لە ناکۆکییەكانی نێو خێزانیشدا لێی ڕازی بن، پێویست بە شەڕکردن، قسەکردن، یان چارەسەرکردنی کێشەکە ڕووبەڕوو ناکات، بەڵكو دەتوانێت بە ئاسانی کێشەکانی نێوان دوو کەس بە قسە و باس چارەسەر یا تێكی بدات، هەوڵ دەدات بۆچوونی کەسانی تر لەئاستی ئەوی دیكە بکاتە نەرێنی بەبێ ئەوەی کەس لێ ناڕەحەت بێت”.
فێنك ئیبراهیم ژاژڵەیی، ئافرەتێكی چالاكی بواری ئافرەتانە، وەك خۆی گووتی، زۆرجار رووبەڕووی ئەم دۆخە بۆتەوە، بەڵام زوو ئاشكرا بووە و بە بێتاوان لێی رزگار بووە، ئەو بۆ زاری كرمانجی دواو گووتی ” ئەم جۆرە كەسانە دواجار مەبەست و رەفتاریان ئاشكرا دەبێت، لەو كاتەش وەك كەسێكی قێزەوون مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، قسەكانی بە هەند وەرناگیرێت، هاوڕێ یا هاوكارانی خۆی لێ دوور دەگرن و ئامادە نابن قسەی دڵی خۆیان بۆ بكەن، یا گوێی بۆ راناگرن، وەك مرۆڤێكی مەترسیداری دوو روو سەیر دەكرێت، هەتا لە كاتی ئامادە بوونیان لە نێو بۆنە گشتی یا تایبەتییەكان دەورووبەریان سنوور بۆ قسەكانیان دادەنێن، لە هەمووشی كاریگەرتر ئەوەیە چیتر متمانەی لای نزیكەكانی نامێنێت و قسە راستەكانیشی هیچ سەنگێكیان نابێت”.
زیاتر روونیكردەوە ” ئەمە ئەگەر زیاتر لە نێو ئافرەتان هەبێت، بەڵام بۆ پیاوانیش بە رێژەی جیا بوونی هەیە، بە تایبەتی ئەو پیاوانەی توانای رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆیان نییە، یا جۆرێك لە ئیرەیی پێ بردنیان لە لایەنی بەرامبەر هەیە، ئەم جۆرە لە باسكردنەی ئەوانی دیكە زۆرجار لە كەشی خێزان، هاورێیەتی و شوێنی كار كردنیش دەردەچێت، ئەو مرۆڤانەی ئەم خویەیان هەیە، ئەگەر كێشە هەبێت گەورەتری دەكەن، ئەگەر نەشبێت لە خۆڕا كێشە دادەتاشن، ئەمەش جۆرێكە لە نەخۆشی دەروونی یا هەڵەی پەروەردەی خێزانی”.