كامران ابراهیم شێروانی
لە جیهانی ئاڵۆزی ئەمڕۆدا، پارە و سامان ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕن لە ژیانی ڕۆژانەماندا. بەڵام تەنها هەبوونی پارە گرنگ نییە، بەڵكو چۆنیەتی بەڕێوەبردن و تێگەیشتن لێی، گرنگییەكی زۆر زیاتری هەیە. لێرەدا چەمكی “رۆشنبیری دارایی” دێتە ئاراوە، بابەتێك كە بەداخەوە لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا گرنگی پێویستی پێنەدراوە.
رۆشنبیری دارایی (Financial Literacy) بریتییە لە زانست، شارەزایی، و تێگەیشتنی دارایی كە یارمەتی تاك دەدات بۆ ئەوەی بڕیاری دارایی دروست و كاریگەر بدات. ئەمەش چەندین لایەنی گرنگ لەخۆدەگرێت، وەك بودجە دانان، واتە توانای دانانی پلانێك بۆ داهات و خەرجییەكانت تا بزانیت پارەكەت چۆن و لە چی و لە چ ڕێگایەك خەرج دەكرێت. هەروەها پاشەكەوتكردن، كە بریتییە لە تێگەیشتن لە گرنگی دانانی بەشێك لە داهات بۆ داهاتوو، چ بۆ كاتی لەناكاو یان بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو. وەبەرهێنان لایەنێكی دیكەی گرنگە، كە بریتییە لە زانینی چۆنیەتی بەكارهێنانی پارەی پاشەكەوتكراو بۆ گەشەكردن و دەستخستنی داهاتی زیاتر لە ڕێگەی جیاوازەوە، وەك پشك، خانووبەرە، یان پڕۆژەی بازرگانی بچووك كە وەك سەرەتایەك دەبێتە ڕێگەیەكی زۆر گرنگ و بەجێ بۆ دەست خستنی داهاتی زیاتر لە داهاتووەكی زۆر نزیكدا. كە وایە، رۆشنبیری دارایی واتە توانای تێگەیشتن لە پارە و چۆنیەتی كاركردنی، لەگەڵ بەكارهێنانی ئەو زانیارییە بۆ باشتركردنی باری دارایی خۆت.
گرنگی رۆشنبیری دارایی تەنها بۆ كەسانی دەوڵەمەند یان پسپۆڕانی ئابووری نییە، بەڵكو پێداویستییەكی سەرەكییە بۆ گشت تاكێك لە هەر چین و توێژێكدا بێت. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان ئەوەیە كە یارمەتیت دەدات بڕیاری ئاگاهانە بدەیت سەبارەت بە كڕینی پێداویستییەكان، وەرگرتنی قەرز، هەڵبژاردنی پیشە، یان دەستپێكردنی وەبەرهێنان. هەروەها، كاتێك تێدەگەیت قەرز و سوو چۆن كاردەكەن، كەمتر ئەگەری هەیە بكەویتە ناو قەرزی خراپەوە دەتوانیت خۆت لە قەرزاری زیاد لە پێویست دووربخەیتەوە. بۆ گەیشتن بە ئامانجە داراییەكان، جا هۆكارەكەی كڕینی ماڵ بێت، خانەنشینییەكی ئاسوودە، خوێندنی منداڵەكانت، یان هەر خەونێكی تر، هەبوونی رۆشنبیری دارایی ڕێگاكەت بۆ كورت دەكاتەوە.
لەلایەكی ترەوە، كاتێك كۆنترۆڵی دارایی خۆتت هەبێت، كەمتر تووشی دڵەڕاوكێ و فشاری دەروونی دەبیتەوە كە پەیوەستە بە كێشەی پارەوە، و باشتر خۆت دەپارێزیت لە قۆڵبڕین و فرتوفێڵ باشتر لە مەترسییەكان تێدەگەیت ( لێرەو لەوێ ناوە ناوە گوێ بیستی هەواڵی بردنی هەزاران بگرە ملیۆنان دۆلاری هاولاتیانی هەرێم دەبین ، لە ڕێگەی پێدانی پارە بە كەسێك بۆ ئەوەی وەبەرهێنانمان بۆ بكات ، بەلام لە پڕێكا كەسەكە یان وون دەبێت یاخود افلاس بوونی خۆیان بەیان دەكەن) ، بۆیە ڕووداو گەڵی لەم شێوەیە لە غیابی رۆشنبیری داراییەوە ڕوودەدات ، وەك ئەوەی لەسەرەوە باسمكردوە ئەگەر كەسێك رۆشنبیری دارایی هەبێت و بزانێت سەرەدەری ئەو بڕە پارەیە بكات كە لە دەستیەتی چ پێویست دەكات داهاتی خۆی بخاتە دەست كەسانی تر بۆ ئەوەی مامەڵەی پێوە بكەن.
بۆیە ئامانجی كۆتایی هەر تاكێك، واتە بەدیهێنانی سەربەخۆیی دارایی، كە بریتییە لە هەبوونی داهاتی پێویست بۆ ژیان بەبێ ئەوەی ناچاربیت بەردەوام كار بكەیت، بەندە بە هەبوونی رۆشنبیری داراییەوە.
یەكێك لەو پەرتوكانەی كە زۆرترین كاریگەری هەبووبێت لەسەر گۆڕینی تێڕوانینی خەڵك بۆ پارە و دارایی، پەرتووكی “باوكی دەوڵەمەند و باوكی هەژار” . ئەم پەرتووكە جەخت لەسەر جیاوازی نێوان بیركردنەوەی دوو باوك دەكاتەوە: باوكی هەژار، كە باوكی بایۆلۆجی نووسەر بووە و پیاوێكی خوێندەوار بووە، ئامۆژگاری كوڕەكەی كردووە باش بخوێنێت و كارێكی باشی حكومی بدۆزێتەوە، باوەڕی بە “ئاسایشی كار” هەبوو. بەڵام باوكی دەوڵەمەند، كە باوكی هاوڕێیەكی نووسەر بووە و خاوەنی بزنسی خۆی بووە، ئامۆژگاری كردووە فێری ئەوە بێت چۆن پارە بۆ ئەو كار بكات، نەك ئەو بۆ پارە. ئەو جەختی لەسەر گرنگی كڕینی هەبووەكان (Assets) و كەمكردنەوەی قەرز (Liabilities) دەكردەوە، هەروەها باوەڕی وابوو كە قوتابخانە مرۆڤ فێری رۆشنبیری دارایی ناكات. پەرتووكەكە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات كە تەنها خوێندنی ئەكادیمی بەس نییە بۆ سەركەوتنی دارایی.
سەبارەت بە دۆخی تاكی كورد لەم ڕووەوە، بەداخەوە دەتوانین بڵێین ئاستی رۆشنبیری دارایی بەگشتی نزمە. ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانە نەبوونی بابەتی دارایی لە پرۆگرامەكانی خوێندندا، كاریگەری هەندێك دابونەریتی كۆمەڵایەتی كە هانی خەرجكردنی زیاد لە پێویست دەدەن یاخود قسەكردن لەسەر پارە بە شەرم بزانین. هەروەها، نائارامی ئابووری و سیاسی ناوچەكە وایكردووە كەسانێك زیاتر بیر لە ئێستا بكەنەوە نەك پلانی درێژخایەن بۆ داهاتوو دابنێن. كەمی سەرچاوەی زانیاری باوەڕپێكراو و ئاسان تێگەیشتن بە زمانی كوردیش لەسەر رۆشنبیری دارایی هۆكارێكی ترە.
ئەم كەمی رۆشنبیرییە وایكردووە زۆرێك لە تاكەكانی كورد تووشی كێشەی دارایی ببن، وەك كەوتنە ژێر باری قەرزی قورس، نەتوانینی پاشەكەوتكردن، یان لەدەستدانی دەرفەتی وەبەرهێنان.
هەبوونی رۆشنبیری دارایی چەندین دەرئەنجامی ئەرێنی لێدەكەوێتەوە، وەك ژیانێكی ئاسوودەتر بە كەمبوونەوەی فشار و دڵەڕاوكێی پەیوەست بە پارە، كۆنترۆڵی باشتر بەسەر ژیانی خۆتدا و توانای گەیشتن بە ئامانجەكان و بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر. هەروەها توانای پاشەكەوت و وەبەرهێنانی زیاتر، گەشەپێدانی سامان و دروستكردنی سەرچاوەی داهاتی زیاتر، پاراستن لە كاتی قەیرانە داراییە لەناكاوەكان (وەك لەدەستدانی كار یان نەخۆشی)، و تەنانەت بەخشندەیی زیاتریش مسۆگەر دەكات كاتێك باری داراییت باش بێت. بەڵام نەبوونی رۆشنبیری دارایی دەرئەنجامی نەرێنی زۆری هەیە، وەك كەوتنە ناو قەرزی بەردەوام و نەتوانینی دەربازبوون لێی، بڕیاری هەڵەی دارایی وەك كڕینی شتی ناپێویست یان وەبەرهێنانی خراپ، و ئامانجی ئاسان بوون بۆ قۆڵبڕین و فرتوفێڵە داراییەكان. سەرەڕای ئەوەش، دەبێتە هۆی ناجێگیری دارایی ژیان لە مانگێكەوە بۆ مانگێكی تر بەبێ هیچ پاشەكەوتێك، لەدەستدانی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە سەرووی هەموویانەوە زۆرجار دەبێت فشار و كێشەی دەروونی، كۆمەڵایەتی و خێزانی لێدەكەوێتەوە.
لە كۆتاییدا، رۆشنبیری دارایی بابەتێكی زیادە نییە، بەڵكو پێداویستییەكی سەرەكی ژیانی هاوچەرخە. بۆ تاكی كوردیش، كە لە هەلومەرجێكی تایبەتی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا دەژیت، گرنگییەكی تایبەتی هەیە. پێویستە لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگا هەوڵ بدرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری و رۆشنبیری دارایی. ئەمەش لە ڕێگەی خوێندنەوە، بەشداریكردن لە خول وۆركشۆپ، پرسیاركردن لە شارەزایان، و گرنگتر لە هەمووی، گۆڕینی تێڕوانینمان بۆ پارە و گرنگیدان بە پلاندانانی درێژخایەنەوە دەبێت. چونكە، بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی بەهێزی ئابووری، لە تاكێكی خاوەن رۆشنبیری داراییەوە دەست پێدەكات.