ڕۆژنامەی “زە تایمز”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیڤن ویتتاکەر، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، دیداری دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریای لە ڕیاز پشتڕاستکردەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ترەمپ لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پێش ئەوەی بەرەو سعودیە بڕوات ڕایگەیاند، ئیدارەکەی بیر لە سووککردنی سزاکانی سەپێنراو بۆ سەر سوریا دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ بکاتەوە.
ڕۆژنامەی تایمز هەروەها نووسیویەتی، پێدەچێت ئەلشەرع لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە ڕیاز کۆببێتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی، ڕەنگە ئەلشەرع ئۆفەرێک پێشکەش بە ترەمپ بکات بۆ ڕێککەوتنێکی کانگا، هاوشێوەی ئەوەی ئۆکرانیا پێشتر کردبووی. هەروەها باس لەوەش کراوە کە سەرۆکی سوریا دەیەوێت سزاکان لە بەرامبەر هەندێک ئیمتیازدا هەڵبگیرێن.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، پێدەچێت ئەحمەد ئەلشەرع پێشنیاری دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بکات و ڕازی بێت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی داماڵراو لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان و مانەوەی ئیسرائیل تێیدا، لە بەرامبەر هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە بەسەر سوریادا سەپێنراون.