مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی (جەهەپە) سەبارەت بە بڕیاری چەكدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە ڕاگەیاند “وەستانی شەڕ، ویست و ئاواتی هاوبەشمانە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە ئاشتی دەكەین.”
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە “جەهەپە پاڵپشتی لە ئاشتی دەكات. هەمیشە لە دژی توندوتیژی وەستاوینەتەوە، لەمەودواش بە هەمان هەڵوێست بەردەوام دەبین.”
ئۆزگور جەخت لەوەش دەكاتەوە كە نابێت پرۆسەی چارەسەری بۆ بەرژەوەندی بەكار بهێنرێت و دەشڵێت ”چاوەڕوانی سەركەوتنی قۆناخەكانی پرۆسەكەین،”
سەرۆكی جەهەپە پێی وایە پرسی كورد لەڕێگەی بەرقەراركردنی دیموكراسی و دادپەروەری لە توركیا چارەسەر دەكرێت و داواش لە حكومەتی توركیا دەكات لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، كۆتایی بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەكانی دەم پارتی بهێنێت .