”هەندرێن و زۆزک بوونە قەڵاى بەرگریى ناوچەى ئازادى باڵەکایەتى و بنکەکانى سەرکردایەتى شۆڕش”
ئامادەکردنى: بەختیار سەباح
بەشى یەکەم
بەدرێژایى پازدە ساڵى خەباتى بەڕەنگاریى شۆڕشى ئەیلوول، هەر لە زاخۆ تا خانەقین، سەدان داستان و نەبەردیى گەورە لەسەر دەستى پێشمەرگە تۆمار کراون، ئەو فیداکارییەى پێشمەرگە هەر یەک لە شوێنى خۆى چیڕۆکى پڕ لە شانازیى مێژووی گەلەکەمانن. هەموو ئەو داستان و نەبەردییانە لەپێناو بەدەستهێنانى مافە نەتەوەیى و سەروەرى نیشتمان و ڕەتکردنەوەى ئەو زوڵم و ستەمە کراون، کە دەرهەق بە گەلى کورد ئەنجامدراون.
لەناو هەموو ئەو داستانانەدا، ”داستانى هەندرێن” ناو و ناوبانگى نەک هەر بە کوردستان، بەڵکو بە جیهاندا بڵاوبووەوە! پەنجا و نۆ ساڵ پێش ئێستا، داستانێک، وا دەکات لە ڕووى شانازییەوە هەزاران منداڵى کورد بەناو هەندرێن بکرێن، بۆتە هەوێنى شیعرى دەیان شاعیرى مەزن و بابەتى ئەفسانەیى گەورە نووسەران.
یاداشتنامە و بیرەوەرییەکانى تێکۆشەر و فەرماندەى شۆڕش و داستانى هەندرێن، کۆچکردوو، عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیى، لە پەرتووکى ( شانێک بەبن بارى نیشتمانەوە ) زۆر بە وردى باس لە داستانى مەزنى هەندرێن کراوە، لە هەموو ڕووێکەوە باسى لە خاڵە لاواز و بەهێزەکانى پێشمەرگە و سەرکەوتنى داستانەکە کردووە.
کرمانج عزەت بەگ، لە پێشەکى پەرتووکەکەدا دەڵێت: ”پەنجەرەى ماڵەکەم کەوتبووە بەرامبەر چیاى هەندرێن، کە کارى ئامادەکردنى کتێبەکەم دەکرد و داستانى هەندرێنم دەنووسییەوە، هەموو مەیدانى شەڕم لێ دیاربوو، دەتگوت بەدیار فیلمێکى سینەماییەوە دانیشتووم، هێندە تێکەڵى هزر و ناخم بووبوو”.
ڕۆژنامەنووسێکى بەریتانى:”من شەڕى کۆریا و دەیانى ترم ڕووماڵ کردووە، بەڵام ئەوەى لە شەڕى هەندرێنم دیوە، باوەڕ نەکراوە، ئەگەر بە چاوى خۆم نەم دیتبا”
عزەت سلێمان بەگ، لە بیرەوەرییەکانى لەسەر داستانى هەندرێن، باسى لەوەکردووە، دواى تەواوبوونى داستانەکە و دامرکانەوەى ئاگرى شەڕ، پەیامنێرى ڕۆژنامەى (ئۆبزەرڤەرى بەریتانى)، کاتێ چاوپێکەوتنى لەگەڵ کردم بە سەرسامییەوە گووتى: ”من شەڕى کۆریا و دەیانى ترم ڕووماڵ کردووە، بەڵام ئەوەى لە شەڕى هەندرێنم دیوە، باوەڕ نەکراوە، ئەگەر بە چاوى خۆم نەم دیتبا”.
*لە ڕووى ستراتیجى سەربازییەوە:
عزەت بەگ، لە نووسینەوەى بیرەوەرییەکانى دەڵێت: ”لە ڕووى ستراتیجى سەربازییەوە، دواى پاشەکشێی هێزى پێشمەرگە لە پلانى وەرگرتنەوەى چیاى کوڕەک، دوو کێوى گرنگ و جمک کە بریتى بوون لە هەندرێن و زۆزک تەواو بەرامبەر یەک هەڵکەوتوون، ئەو دوو چیایە بوونە قەڵاى بەرگریى ناوچەى ئازادى باڵەکایەتى و بنکەکانى سەرکردایەتى شۆڕش، تا نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول و ڕاوەستانى شەڕ، لەلایەن سوپاى عێراق سەدان هێرشییان کرایە سەر و هەرچى چەکى نوێى شەڕە تیایدا بەکارهات، نەیانتوانى داگیریان بکەن.
زیاتر باسى کردووە، پاراستنى چیاى هەندرێن، بە هێزى ئێمە و هێزى شیوعى سپێردرابوو، لقێکى ئێمە و دوو لقى شیوعى، کە هەر سێکمان سەر بە هێزى باڵەک بووین، کاک عەبدوڵڵاغاى پشدەرى فەرماندەى هێز بوو، ناوبراو لە ڕۆژانى شەڕى هەندرێن بۆ نەخۆشى لە ئێران بوو، لە دیوى گوندى بنەکاول کە ڕووى هەمان چیاى هەندرێنە بە لاى دۆڵى ئاکۆیانەوە، دوو لقى عوسمان حوجرانى و عومەرى مەلازادەى لێ بوون، کە سەر بە بەتالیۆنى مەلا ئەمین بارزانى بوون، دووریى نێوان هێزەکانى ئێمە و لقەکانى بنەکاول زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر دەبوو، ئەو دوورییە بۆ هێڵى بەرگریى شەڕى جەبهەیى کەلێنێکى گەورەیە، بەڵام ئەو کەلێنە ئەگەر بە پێوەرى وردى سەربازى بۆ بەرگرى هێزى لێ جێگیر کرابا، ئەوا پڕکردنەوەى بە لانى کەم پێویستى بە ٥٠٠ پێشمەرگە دەبوو، چۆن دەکرا ئەو هەموو هێزە بەو ناوەوە سەرقاڵ بکەین، لە کاتێکدا هەموو هێزەکانى ئێمە و شیوعى ٢٠٠ پێشمەرگە زیاتر نەبووین.
هەروەها ئاماژەى بەوەشکردووە، لە پشتى جوندیان تا سەرى هەندرێن سێ سەنگەرى جێگیرمان هەبوو، بە نۆبەت لەگەڵ هێزى شیوعى ئاڵوگۆڕمان دەکرد، ئەو سێ سەنگەرە لەبەر بۆردوومانى بەردەوامى تۆپخانە و فڕۆکە و تانک بە ڕۆژ چۆڵ دەکران، بەشەویش لەبەر سەرما دەهاتینەوە ناویان. لەو کەلێنەى نێوان ئێمە و بە تالیۆنى ٣، مەفرەزەى گەڕۆکمان ڕۆژانە بە بەردەوام دەرئەکرد، بۆ پڕکردنەوە و چاودێرى هەر جوولەیەکى سوپا و جاش، نەبادا سوود لەو بۆشاییە وەرگرن.

هەر لە گێڕانەوەى بیرەوەرییەکانى دەڵێت: ”هەواڵەکان وا دەگەیشتن کە ڕژێم بەردەوام لە حامیەى ڕواندز هێز و جاش بە چەکى قورس کۆدەکاتەوە، فڕۆکەش ئاسمانى جێ نەدەهێشت، شایانى باسە بڕیارى ئەو هێڕشە زۆر زووتر درابوو، بەڵام سووتانى عەبدولسەلام عارف لە کۆپتەردا لە ١٣ى نیسانى ١٩٦٦ لەلاى بەسڕا، هێرشەکەى بۆ سەرەتاى مانگى پێنج دواخست. ئەوەبوو لە شوێنى عەبدولسەلام عارف، عەبدولڕەحمان عارفى براى داندرا، وەک باس دەکرا ئەو کەمتر لەگەڵ شەڕ بوو، بەڵام بەهۆى شێوازى دانانى لە شوێن براکەى لە بڕیاردان لاواز بوو، ئەفسەرە باڵاکان هانیان دەدا بۆ تەواوکردنى هێرشەکە بۆ سەر سەرکردایەتى شۆڕش”.
لە بیرەوەرییەکانى لەسەر داستانى هەندرێن زیاتر نووسیوویەتى، یەکى ئایار، ڕۆژى کرێکارانى جیهان، بۆ شیوعى و چەپەکان ڕۆژى ئاهەنگ و خۆشییە، ملازم ڕیاز کە لە شەڕى چیاى کوڕەک چاوێکى لەدەستدابوو، لە دەربەندى ڕایات کچێکى کوردى خواستبوو، ئاهەنگى گواستنەوەى خستبووە ئەو ڕۆژە، ئێمەش هەموو بۆ ئاهەنگەکە بانگهێشت کرابووین. سوپا سەعاتى سفرى بۆ ئەو ڕۆژە هەڵگرتبوو، ڕەنگە حسابى ئەوەیان کردبى، شیوعییەکان بەتایبەت لەو ڕۆژە خەریکى ئاهەنگ و شایى دەبن و کاتێکى لەبارە بۆ سوود لێوەرگرتنى کە هەر وایان کرد. لە دەربەند دواى تەواو بوونى ئاهەنگەکە، ئێمە لەگەڵ حەمەدائاغاى مێرگەسۆرى و فاخر مێرگەسۆرى وامان بڕیاردا کە بچینە زینوى شێخى لە حاجى ئۆمەران و سەردانێکى شێخ لەتیف شێخ مەحموود بکەین، کە بەسەردان هاتبوو، ئەوە شەوە ئێمەى ئیزن نەدا و کاتێکى زۆر خۆشمان بەسەر برد”.
*یەکەم تەقە و بریندارى داستانى هەندرێن:
فەرماندەى کۆچکردوو عزەت بەگ دەرگەڵەیى، هەر لە درێژەى بیرەوەرییەکانى کە لە پەرتووکى ”شانێک بەبن بارى نیشتمانەوە” یاداشت کراون، دەڵێت: ”لەبەرەى شەڕدا مام سەدیق لەگەڵ مەفەرەزەیەک لە ٢ى ئایارى ١٩٦٦ لە گۆڕەسعات لەپشتى حامیەى ڕواندز دەبن، ئەو شوێنەى کەلێنە و پێشمەرگەى هەمیشە لێ نییە، کتوپڕ سوپا و جاش بەرەو لوتکەى سەرى هەندرێن و لوتکەى کەپکەموو جوولە دەکەن. تەقەکەیەکیان لێ دەکەن، بەڵام ئەو هێزە لە تواناى مەفرەزەیەکدا نییە، لیواى ٤ى بە هەموو هێزو تەشکیلاتیەوە لەگەڵ سەدان جاش بە پاڵپشتى تەیارە و تۆپەوە جووولەیان کردووە، مام سەدیق سەر لق بوو، بە درێژایى شۆڕشى ئەیلوول پێنج جار بریندار بوو، لە شەڕدا پیاوى شکان نەبوو ئەگەر لە تاقەتى بوایە، بەڵام لەناو ئەو هێزەوە دەورى درابوو، بە زیرەکانە خۆیان دەرباز دەکەن و دەگەنەوە قەڵاتگە کە خاڵێکى دیاریکراوى بەرگریمان بوو. لقى مام ئەلیاس بەهانایانەوە دەچێ پێشمەرگەیەکیش بریندار دەبێ، بەڵام بەرامبەر حەشامەتى ئەو هەموو هێزە هیچمان پێ ناکرێ. ئیتر سوپا بێ بەرگرى توند و بە ئاسانى تا لوتکەى سەرى کەپکەموو بە دیوى ڕاستى گەلیى عاسێ، بە بۆشایى بەتالیۆنى ٣ و هێزەکانمان گەیشتە سەر بەرزترین شوێنى دەستەڕاستى هەندرێن! واتە ئەگەر هەندرێن بکەینە دوو کەرت، گەلیى عاسێ لێکیان کاتەوە، ئەوا دوژمن تەواوى کەرتى لاى ڕاستى گەلى عاسێى داگیرکرد و گەیشتە سەرى سەرەوەى. هەڵبەتە لە کەرتى لاى گەلى عاسێ بەرزایى هەندرێن بڵندتر بوو، دوژمن هەڵەیەکى کەمەرشکێنى لە نەخشەکەیدا کردبوو، کە پێى وابوو کەپکەموو بەرزترین لوتکەى هەندرێنە، دواى شکستیان کە زانییان بەرزترین لوتکە نییە، ناویان لە کەپکەموو نابوو ( قمة الکاذبة )” .
لە بیرەوەرییەکانى عزەت سلێمان بەگ: دوژمن هەڵەیەکى کەمەرشکێنى لە نەخشەکەیدا کردبوو، کە پێى وابوو کەپکەموو بەرزترین لوتکەى هەندرێنە
پتر باسى کردووە، سەرەوەى کەپکەموو تا ئەو کاتە لەبەر سەرما کەسى لە هێزەکانمان لێ نەدەژیا، ئیتر بەئاسانى ئەو بۆشاییەیان قۆستەوە. خۆ ئەگەر ئەو هێرشەیان لەسەرى کەپکەموو ڕانەگرتباو بەرەو لاى چەپ پێشڕەویان کردبایە، کە ئەویش هێزى لێ نەبوو، تا دەگەیشتە کێلى موهەندیس و لوتکەى مۆرەسۆرکان، ئەوا هەندرێن بەگشتى کۆتایى دەهات و بەسەر دەرگەڵەدا دەیڕوانى. لەو کاتەدا بەهێزترین شوێنى بەرگریى شۆڕش لەدەست دەچوو، گرتنەوەشى زۆر ئەستەم دەبوو، هێڵى بەرگریى سەرکردایەتییش دەکەوتە خەتەر.


زۆر بە وردى باس لە داستانەکە دەکات و دەیگێڕیتەوە، هەر لە حاجى ئۆمەران بووین، بروسکەیەکى بەپەلەمان پێ گەیشت، ئاماژەکراوە کە جاش و سوپا بەرەو هەندرێن هێرشیان هێناوە، داوا دەکەن هەموو هێزەکان بەپەلە بگەنەوە هەندرێن. بەپەلە وەڕێ کەوتین، لە پردى حافیز کاک زرارمان ڕەوانەى دەرگەڵە کردەوە، کە ئاگادارى سلێمان بەگ بکاتەوە لە هەموو گوندەکان پێشمەرگە بگەڕێنەوە جەبهە، هەروەها خۆبەخشیش ئەوەى دەستى تفەنگ بگرێ کەس نەمێنێ. خۆشم لەگەڵ فاخر و برادەران بەرەو هەندرێن وەڕێ کەوتین، گەیشتینەوە وارەکۆن و یەکسەر چوومە بنارى هەندرێن لەپشت گوندى بێشووک، حەمەدەمین فەقێ حەسەنى جێگرم لەوێ بوو، پێشتر جەبهەى هەندرێنمان دابەشى سەر سێ ناوچە کردبوو، قەڵاتگە، ئەشکەوتى شەهیدان، پشتى گوندى بێشووک کە ئەیڕوانییە سەر جادەى گشتیى ڕواندز و حاجى ئۆمەران، بە نۆبەت دە ڕۆژ جارێک ئاڵوگۆڕ دەکران، کە گەیشتمە لاى برادەران تەقە لە لوتکەى سەرى هەبوو بە ئاراستەى پێگەکانى ئێمە، ئەوە نیشانەى گەیشتنى سوپا بوو بە کەپکەموو، جێگاى ئەوان بەسەر خاڵەکانى ئێمەیان دەڕوانى، بۆیە تەقەى ڕەشاش و ڤیکەرسیان لە سەرمان هەر نەدەبڕایەوە.
*نامەکەى ڕەئیس کەمال نەعمان:
مام عزەت باس لە هاتنى نامەکەى ڕەئیس کەمال دەکات و دەڵێت: ”نامەیەکى ( ڕەئیس کەمال نەعمان) م بۆ هات، داوا دەکات بەپەلە بە هێزەوە سەرکەومە لاى فاخر مێرگەسۆرى بۆ ئەوەى بەرایى زیاترى هاتنەپێش لە سوپا بگرین. لە ٣ى ئایارى ١٩٦٦، ( زرار) ى برام و زیاتر لە سێ پێشمەرگە گەیشتنە لامان. بەو شێوەیە وەڵامى ڕەئیس کەمالم دایەوە، نامەکە بە عەرەبییە بۆ لێتێگەیشتنى من بە کوردى دەى نووسم”.
بۆ برام أبا ثائر، ئێوارە باش و سڵاوێکى شۆڕشگێڕانە.
نامەکەتمان پێ گەیشت، زۆر خۆشحاڵ بووم، ناوەڕۆکم بۆ پێشمەرگەکان خوێندەوە، کە داکۆکى لە خۆڕاگرى و قوربانیدانتان دەکرد، هەموویان دڵخۆش بوون، هەڵوێست ئەوەیە لامان.
١.ئێمە تا ئێستاش لە شوێنەکانى خۆمانین کە دەڕوانێتە سەر بێشووک، تەواو بەسەر ڕێگاى گشتیدا زاڵین. زرار لەگەڵ سێ پێشمەرگە گەیشتە لامان و ئەوڕۆش هێزێکى دیکەمان دەگاتەوە لا، بۆیە خۆشحاڵ دەبین بە فەرمانتان بۆ سەرکەوتنمان بۆ پێگەى سەرەوەى شەڕ بۆ ئەوەى بەشدار بین لە دوورخستنەوەى دوژمن، چونکە لاى ئێمە ئارامە و هیچ نیشانەیەکى جوولەى سوپا بە ئاراستەى ئێمە دیار نییە، تەنیا تۆپباران نەبێ.
٢. پەیوەندیم بە پێشمەرگەکانى ئەشکەوتى شەهیدانەوە کرد و هەماهەنگیمان کرد بۆ ئامادەیى، ئەگەر دوژمن ویستى بە ئاراستەى ئێمە پێشڕەویى بکا. داوا دەکەین هێزێکى دیکە بێتە شوێنى ئێمە تا بتوانین بگەینەوە ئێوە و بە پشتیوانیى خوا پێکەوە بتوانین دوژمن دەربکەین. ئەگەر خوانەخواستە نەتوانین دەریانکەین، ئەوا بە زیانێکى گەورە بۆمان و بۆ ورەى پێشمەرگە دەشکێتەوە و دەبێتە ڕێخۆشکەرێک بۆ پێشڕەویى دوژمن بەرەو بەرەو ناوچەکانى تر
ئیتر بۆ ئێوە و پێشمەرگەکان سەربەرزى و سەرکەوتن دەخوازم، هەر بژین.
کرمانج عزەت: کە داستانى هەندرێنم دەنووسییەوە دەتگوت بەدیار فیلمێکى سینەماییەوە دانیشتووم

هەروەها دەڵێت: ”دواى ناردنى نامەکە، نەدەبوو سەنگەرەکان چۆل بکەین، ئەوێمان دابین کرد و لەگەڵ پێشمەرگەکانى تر وەسەر کەوتین بۆ قەڵاتگە، فاخر لەگەڵ سەعیدى براى لەوێ بوون، گووتى: ”ئەوڕۆ چووینە سەر دوژمن لێمان دان و چەند جاشێکمان کوشتووە، ئەبێ هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین، نەیەڵین چیتر دوژمن بێتە پیشەوە”. پێگەکانمان هێندە لە هێزى دوژمن نزیک بوون، نەمان دەتوانى ئاگر بکەینەوە، خۆشمان بە کاتیى سەر کەوتبووین، بەتانى و پێخەف و شتمان پێ نەبوو، لەناو ڕەش و بەڵەکى بەفر خەریک بوو لە سەرما سڕ دەبووینەوە، بۆیە ئەو شەوە هاتینەوە ئەشکەوتى گامۆران و خۆمان ڕاگرت تا بەیانیى هاتینەوە و جێگاو سەنگەرمان دامەزراند، لە بەرامبەر بەرەى ئێمە، بەرەى چیاى زۆزک هەبوو، دوژمن هێرشى بۆ برد و هەندێ شوێنى داگیر کرد، بەڵام بەرگرییەکى باش کرا و هێرشەکەیان چەقاند و زیانێکى باشیان بە سوپا گەیاند”.